کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ بەڕێوەدەچێت
رێوشوێنی توندی ئەمنی گیراوەتەبەر

K24 – مەدرید
ئەمڕۆ لە شاری مەدرید-ی پایتەختی ئیسپانیا، 32ـەمین کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ بەڕێوەدەچێت، گرنگرترین پرسی کۆبوونەوەکەش بە ئەندامبوونی وڵاتانی سوید و فینلەندا دەبێت لە ناتۆ.
کوردستان24 تاکە کەناڵی کوردییە کە رووماڵی کۆبوونەوەکەی ناتۆ دەکات و زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەکە و بڕیارەکانی بڵاودەکاتەوە.
ئاوارە هەورامی، پەیامنێری کوردستان24 لە مەدرید رایگەیاند: "رێوشوێنی ئەمنی توند لە دەوروبەری شوێنی کۆبوونەوەکەی ناتۆ گیراوەتەبەر، گەورەترین کەشتی شەڕکەری ئەمەریکا بۆ پارێزگاریکردن لە کۆبوونەوەکە لە کەناراوەکانی ئیسپانیا لەنگەری گرتووە، هەروەها وڵاتی ئیسپانیا 10 هەزار چەکداری بۆ پاراستنی ئەمنیەتی کۆبوونەوەکە خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، هەر لەم چوارچێوەیە 8 شەقامی سەرەکی مەدرید دادەخرێن و لە دەوروبەری شوێنی کۆبوونەوەکەش بە دووری چوار کیلۆمەتر هێڵی ئینەرنێت رادەگیرێت و هاتووچۆ لەم ناوچەیە هەموو شێوەیەک بۆ هاووڵاتییان قەدەغە دەکرێت".
گوتیشی: "32ـەمین کۆبوونەوەی ناتۆ بە یەکێک لە کۆبوونەوە گرنگ و مێژووییەکانی ناتۆ ناو دەبرێت، یەکێک لە باسە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەش بە ئەندامبوونی سوید و فینلەندا دەبێت، لە میدیا جیهانییەکان بەتایبەتی ئەوروپا ئەو پرسە بووەتە رۆژەڤ کە ئایا سوید و فینلەندا بە داواکانی تورکیا رازی دەبن بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ؟ هەڵوێستی تورکیا چی دەبێت؟".
پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەدا: "تەوەرێکی دیکەی لوتکەی ناتۆ شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا دەبێت، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بانگێشتی کۆبوونەوەکە کراوە، بەڵام رەنگە بەشێوەی ئۆنلاین بەشداری لە کۆبوونەوەکە بکات.
باسی لەوەشکرد: "بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ کێشەی زۆری خستووەتە ناو پارتەکانی ئیسپانیا کە هەندێکیان پێیانوایە ئەمە سەرەتای دەسپێکردنی جەنگە، هەروەها دژی کۆبوونەوەکە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئیسپانیا خۆپیشاندانیان دەسپێکردووە".
لوتکەی ناتۆ لە ئەمڕۆ 28/6/2022 دەستپێدەکات و تا 30 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.