د. كاوان ئیسماعیل له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانی له‌ده‌ستدا

دوای ئه‌وه‌ی به‌ 5 فیشه‌ك له‌لایه‌ن قوتابییه‌كه‌وه‌ برینداركرا به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدا
د. كاوان ئیسماعیل، راگری كۆلیژی یاسای زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین له‌لایه‌ن قوتابییه‌كه‌وه‌ كوژرا
د. كاوان ئیسماعیل، راگری كۆلیژی یاسای زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین له‌لایه‌ن قوتابییه‌كه‌وه‌ كوژرا

K24 - هه‌ولێر:

د. كاوان ئیسماعیل، راگری كۆلیژی یاسای زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین ئه‌مڕۆ سێشمه‌ممه‌ (28ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2022) له‌لایه‌ن قوتابییه‌ك كوژرا.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، قوتابییه‌ك كه‌ پێشتر له‌ زانكۆی سۆران كێشه‌ی هه‌بووه‌ و ده‌ركراوه‌، هه‌وڵی داوه‌ ره‌زامه‌ندی گواستنه‌وه‌ی بۆ كۆلیژی یاسای زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین وه‌ربگرێت، به‌ڵام به‌ گوێره‌ی رێنماییه‌كان كاره‌كه‌ی بۆ نه‌كراوه‌، ئه‌ویش چه‌ند جارێك هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ د. كاوان كردووه‌ و به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ به‌ 5 فیشه‌ك راگری كۆلیژی یاسا و كارمه‌ندێكی پرسگه‌كه‌ی بریندار كرد.

دوای گه‌یاندنی د. كاوان بۆ نه‌خۆشخانه‌ و ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری، به‌ڵام به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدا.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا ئاشكرای كرد، بكوژه‌كه‌ دیاره‌ و له‌ كامیرای چاودێری ده‌رچووه‌، جگه‌ له‌وه‌ی ته‌قه‌ی له‌ د. كاوان ئیسماعیل، راگری كۆلیژی یاسا و كارمه‌ندێكی پرسگه‌كه‌ كردووه‌، هه‌ڵیكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵی د. ئیدریس حه‌مه‌ خان و ئه‌ویشی كوشتووه‌.