بایدن، به‌چی ئه‌ردۆغان رازی ده‌كات؟
K24 - مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
به‌ر له كۆبوونه‌وه‌ی ناتۆ له مه‌دریدی پایته‌ختی ئیسپانیا، جۆو بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان-ی سه‌رۆكی توركیا كردووه، هه‌رچه‌نده تا ئێستا ناوه‌ڕۆكی په‌یوه‌ندییه‌كه نه‌زانراوه، به‌ڵام به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی كۆشكی سپی په‌یوه‌ندییه قسه‌كردن بووه له‌سه‌ر به‌ئه‌ندامبوونی هه‌ریه‌ك له سوید و فنله‌ندا له ناتۆ و رازیكردنی ئه‌ردۆغان بۆ نه‌هێشتنی مافی ڤیتۆ له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ئه‌و دوو وڵاته.
به‌پێی راپۆرتێكی زه نیویۆرك تایمز، جاك سولیڤان راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له كۆشكی سپی جه‌ختی له‌وه‌كردووه‌ته‌وه، كه جۆو بایدن به ته‌له‌فۆن قسه‌ی له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان هاوتا توركییه‌كه‌ی كردووه.
سولیڤان جه‌ختی له‌وه‌كردووه‌ته‌وه كه گفتوگۆكه له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات بووه، به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌كۆشكی سپی بۆ زه واشنتۆن پۆست-ی وتووه قسه‌كردنه‌كه په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به ئه‌ندامبوونی سوید و فنله‌نداوه هه‌یه له كۆبوونه‌وه‌ی مه‌درید و كۆتایی هێنان به‌و بابه‌ته.
وتیشی: "پێده‌چێت بایدن، ئه‌ردۆغان-ی رازی كردبێت"، له‌به‌رامبه‌ردا راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له كۆشكی سپی ده‌ڵێت: "بایدن به نیاز نییه رۆڵی نیوه‌ندگیر بگێڕێت له نێوان سوید و فنله‌ندا و توركیا".
هه‌روه‌ها به‌پێی راپۆتێكی سێ ئێن ئێن سولیڤان جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه، پێده‌چێت سبه‌ی 29ی حوزه‌یران، له په‌راوێزی لوتكه‌ی ناتۆ، بایدن و ئه‌ردۆغان كۆببنه‌وه.
سولیڤان له ناو فڕۆكه‌یه‌كی ئایر فۆرس وه‌ن-ه‌وه به رۆژنامه‌نووسانی وت: "پێشبینی ده‌كه‌ین بایدن و ئه‌ردۆغان چانسی یه‌كتربینینیان هه‌بێت"، به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌وه نه‌كرد له‌سه‌ر چی قسه‌ده‌كه‌ن.
به‌ڵام به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی سێ ئێن ئێن، سه‌رچاوه‌یه‌ك له سه‌رۆكایه‌تی توركیا وتویه‌تی كۆبوونه‌وه دوو قۆڵییه‌كه‌ی نێوان ئه‌ردۆغان و بایدن قسه‌كردنه له‌سه‌ر په‌كه‌كه.
وتیشی: "قسه‌كردن له‌سه‌ر په‌كه‌كه له كۆبوونه‌وه دوو قۆڵییه‌كه كاری ئێمه ده‌بێت، جارێكی دیكه هه‌ڵوێستی خۆمان بۆ سوید و فنله‌ندا روونده‌كه‌ینه‌وه، پێویسته ناتۆ له نیگه‌رانییه ئه‌منییه‌كانی توركیا تێبگات و چاره‌سه‌ری بكات، ئێمه قسه‌ی وشكمان ناوێت، ئه‌نجاممان ده‌وێت".
سه‌ركرده‌كانی ناتۆ له 28ی حوزه‌یران تا 30 حوزه‌یران له مه‌دریدی پایته‌ختی ئیسپانیا كۆده‌بنه‌وه، شرۆڤه‌كارانی سیاسی پێشبینی ده‌كه‌ن كه گرنگترین كۆبوونه‌وه بێت له‌مێژووی رابردووی رێكخراوی په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) چونكه ته‌نیا چه‌ند مانگێك دوای له‌شكركێشی روسیایه بۆسه‌ر ئۆكرانیای هاوپه‌یمانی ناتۆ.
به‌پێی وته‌ی یێنس ستۆلتنبێرگ، سكرتێری گشتی ناتۆ، چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ماوه‌ی دوو رۆژی رابردوودا ئه‌و سه‌ركردانه‌ی به‌شداری كۆنفرانسه‌كه ده‌كه‌ن په‌رده له‌سه‌ر رێبازی ئه‌و گۆڕانكارییانه لاده‌ن ده‌رباره‌ی ستراتیژی ئاسایشی و به‌رگریكردن له خۆیان كه له‌دوای جه‌نگی سارده‌وه گرفتی له‌و جۆره‌یان به‌خۆیانه‌وه نه‌دیوه.
كه‌متر له 3 مانگ دوای له‌شكركێشی ئۆكرانیا، فینله‌ندا و سوید له 18ی ئایار-دا داوای ئه‌ندامێتیان كرد، ده‌ستدرێژییه‌كانی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا كاریگه‌ری بێوێنه‌ی هه‌بوو له‌سه‌ر هه‌ستی ئه‌و دوو وڵاته، به‌ڵام له‌لایه‌ن توركیاوه رێگریان لێكرا و رایگه‌یاند، ناتوانێت داواكاری ئه‌و دوو وڵاته په‌سه‌ندبكات كه داڵده‌ی تیرۆریستانیان داوه كه ئاماژه‌یه بۆ ئه‌ندامانی په‌كه‌كه.
چاوه‌ڕوانده‌كرێت سه‌ركرده‌كانی ناتۆ، له مه‌درید، له كۆبوونه‌وه‌ی فه‌رمییاندا كه سبه‌ی 29ی حوزه‌یران ده‌ستپێده‌كه‌ن، كۆمه‌ڵێك رێوشوێنی گرنگ رابگه‌یه‌نن له‌وانه دابینكردنی بودجه‌ی زیاتر بۆ هاوپه‌یمانییه‌تیه‌كه و ئۆكرانیا، سه‌ره‌ڕای بڕیاردان بۆ بڵاوه‌پێكردنی چه‌كی قورس به‌درێژایی خۆرهه‌ڵاتی وڵاتانی ناتۆ، به‌ڵام له‌ژێر نمایشی ئه‌و كۆده‌نگییه‌دا، جگه له هه‌ڕه‌شه‌كانی رووسیا، درزێكی شاراوه هه‌ڕه‌شه له تێكدانی هاوده‌نگی ناتۆ ده‌كات كه ئه‌ویش دژایه‌تی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆكی توركیایه له سه‌ر وه‌رگرتنی سوید و فنله‌ندا له ناتۆ.
به‌پێی راپۆرتێكی سی ئێن ئێن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا پشتگیری خۆی خستووه‌ته پشت داواكاریی سوید و فنله‌ندا و داوای له ناتۆ كرد په‌له‌بكه‌ن له وه‌رگرتنی ئه‌ندامێتی ئه‌و دوو وڵاته.
كه‌واته ئه‌بێت ئه‌مه‌ریكا به سه‌ركردایه‌تی جۆو بایدن شتێك پێشكه‌شی توركیا بكات تا رازی بكات به هه‌ڵگرتنی ئه‌و ڤیتۆیه له‌سه‌ر به‌ئه‌ندامبوونی ئه‌و دوو وڵاته له‌ناتۆ.
شرۆڤه‌كاران پێیان وایه، كه كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان بایدن و ئه‌ردۆغان رۆڵێكی چاره‌نووسساز ده‌گێڕێت له تێكشكاندنی مافی ڤیتۆی توركیا له‌سه‌ر به‌ئه‌ندامبوونی سوید و فنله‌ندا، چونكه واشنتۆن ئاماده‌یه ناكۆكییه‌كان تێپه‌ڕێنێت چونكه ئه‌ردۆغان به‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه ده‌ڵێت: "گرنگترین پرس، پرسی كڕینی ئێف 16یه كه هێشتا له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ ماوه".