لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ناکۆکن لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەت

نوری مالیکی دژی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراقە

لایه‌نه‌كانی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی.. ئه‌رشیڤ
لایه‌نه‌كانی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی.. ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی حکومەت کێشەی زۆری لەنێوخۆی هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان دروستکردووە و ئەگەری لێکترازان لەنێو هاوپەیمانێتییەکەدا هەیە.

به‌هۆی هەستیاری بارودۆخەکە و شکستهێنانی هەر حکومەتێک بەبێ بەشداری رەوتی سەدر، چەند سەرکردەیەکی هاوپەیمانێتییەکە پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختەیان کردووە، بەڵام ئەم داوایە لەلایەن نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا رەتکراوەتەوە.

بەهۆی بوونی کێشە و ناکۆکی لەنێوان سەرکردەکانی هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لەسەر دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران و دابەشکردنی پۆستە هەستیارەکانی دیکە پێناچێت حکومەتی داهاتووی عێراق ئەوەندە بە ئاسانی و بەبێ هیچ ئاستەنگێک پێکبهێندرێت، جگە لەمەش پێشبینی دەکرێت، ئەگەر کێشەکان بەوشێوەیەی ئێستا بەردەوامبن، ئەوا لێکترازان لەنێو هاوپەیمانێتییەکە رووبدات و جارێکی دیکە پێکهێنانی ئەو حکومەتە شکستبهێنێت.

دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر ئەگەر رێگە خۆشکەربووبێت، بۆ ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی خۆیان وەکو کوتلەی گەورەی پەرلەمانی بناسێنن و لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پەرلەمان دەنگ لەسەر دەستلەکارکێشانەوەکە و جێگرانیان بدەن، ئەوا لەلایەکی دیکەوە ناکۆکی قووڵی لەنێوخۆی هاوپەیمانێتییەکە دروستکردووە، بەتایبەت لەسەر دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران و جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی میدیاکانی عێراق بڵاویانکردووەتەوە، دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و پێکهێنانی حکومەت کێشەی زۆری لەنێوخۆی هاوپەیمانێتییەکە دروستکردووە، کە ئاخۆ سەرۆک وەزیرانی داهاتوو لەسەر پشکی کامە لایەن دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش چەند ناوێک پێشنیازکراون، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهلولحەق دژی ئەوەن پەلە لەپێکهێنانی حکومەتی داهاتوو بکرێت و داوایانکردووە، کار بۆ رازیکردنی تەواوی لایەنە شیعەکان بکرێت، بەبڕوای ئەوان پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەت بەبێ وەرگرتنی بۆچوونی ئەوانی دیکە رەنگە ببێتە هۆی پێکدادانی چەکداری لەنێو ماڵی شیعەکان، ئەوکاتەش تەنیا پارێزگا شیعەنشینەکان زەرەرمەند دەبن.

هەرچی  عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە و حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر، ئەوا پێشتر دەستپێشخەرییەکیان راگەیاندبوو، بەڵام هیچ یەکێک لەلایەنەکان دەستپێشخەرییەکەیان قبووڵنەکرد.

نزیکەی 9 مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەچووە، هەرچەندە کوتلەی سەدری هەوڵی زۆری بۆ پێکهێنانی حکومەتدا، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان، کە خۆیان وەکو سێیەکی پەکخەر ناونابوو، رێگەیان نەدا سەرکەوتووبێت، ئێستاش چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان کار بۆ پێکهێنانی حکومەت دەکات، نازاندرێت هەوڵەکانیان بە ئامانج دەگات یان لەنێوخۆیاندا هەوڵەکە لەبار دەبردرێت.

 

Fly Erbil Advertisment