زانیاری نوێ لەبارەی کوژرانی دوو مامۆستاکە ئاشکرا دەکرێت

"لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە بڕیاری وەرگرتنەوەی ئەو قوتابییە دراوە"
د. ئیدریس حەمەخان - د. کاوان ئیسماعیل
د. ئیدریس حەمەخان - د. کاوان ئیسماعیل

K24 – هەولێر

سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین چەند زانیارییەک لەبارەی کێشەی بکوژی دوو مامۆستاکە دەخاتەڕوو، ئاشکراشی دەکات، لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە بڕیاری وەرگرتنەوەی ئەو قوتابییە دراوە.

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. کامەران یونس محەمەد ئەمین سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، لەبارەی کوژرانی د. کاوان ئیسماعیل و د. ئیدریس حەمەخان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "قوتابی ( ئاراس) کە هەستاوە بە تیرۆکردنی ئەو دوو مامۆستایە، پێشتر یاداشتێکی داوەتە وەزارەتی خوێندنی باڵا، وەزارەتیش بە نووسراو ئەو یاداشتەی ئاراستەی سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین کردووە، لەوێشەوە ئاراستەی راگرایەتی کۆلێژی یاسا کراوە، د. کاوان ئیسماعیل راگری کۆلێژی یاسا بە یاداشتێک لە 7/3/2021، رەزامەندی داوە کە لاری نییە ئەگەر ئەو قوتابییە لە زانکۆ دەوام بکات، بەڵام ئەو قوتابییە کە دوو ساڵ لە دەوام دابڕاوە دەبێ یاسا یان رێنماییەک دەربچێت، بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە زانکۆ، ئەمەش لە دەسەڵاتی زانکۆ نییە، بەڵکو لە دەسەڵاتی وەزارەتی خوێندنی باڵایە، لە 12/1/2022 وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەو بابەتەی داوەتە لیژنەیەک. لە مانگی نیسانی 2022، بڕیاری داوە کە ئەو قوتابییە بۆی هەیە چ لە زانکۆی سۆران یان زانکۆی سەڵاحەدین بۆی هەیە دەوام بکات".

سەبارەت بەوەی کە چۆن ئەو قوتابییە بە چەکەوە چووەتە ناو کۆلێژی یاسا، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین ئاماژەی بەوەدا: "پاسەوان هەیە، بەڵام پێشتر رووداوی لەو جۆرە لە کوردستان رووینەداوە، جگە لەوەش ئەو کەسە بەسەر دیوار چووەتە ناو کۆلێژ".