ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئەفغانستان بۆ هاوکاری مرۆیی دوای بوومەلەرزەی وڵاتەکە
واشنتن و تاڵیبان تاووتوێی بابەتەکە دەکەن
K24 - هەولێر:
بە ئامانجی ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئەفغانستان بۆ هاوکاری مرۆیی دوای بوومەلەرزەی وڵاتەکە، واشنتن و تاڵیبان لە قەتەر دەستیان بە دانوستاندنەکان کرد.
کۆشکی سپی رایگیاند، بە شێوەیەکی بەپەلە کار بۆ بەدیهێنانی دەکەن، بەڵام ئەندامێکی ئەنجوومەنی کارگێڕی بانکی ناوەندی ئەفغانستان دەڵێت ئەو بابەتە کاتی پێویستە.
حافز زیا ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان رایگەیاند، ئەمیر خان وەزیری دەرەوەی حکومەتی بزووتنەوەی ئیسلامی و پارێزگاری بانکی ناوەندی گەیشتووەنەتە دەوحەی پایتەختی قەتەر.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش رایگەیاند، "توم ویست" نوێنەری تایبەتی ئەفغانستان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەشداری دانوستاندنەکان دەکات، هەروەها واشنتن تیشکی سەرکی دەخاتە سەر مافەکانی مرۆڤ و کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان لەبەردەم ئافرەتاندا.