ئەمەریکا داوا لە هەولێر و بەغدا دەکات رێککەوتن بکەن
داوای کردووە لەسەر پرسی نەوت گفتوگۆ بکەن

K24 - هەولێر
ئەمەریکا داوا لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، لەسەر پرسی نەوت رێکبکەون.
کەناڵی حوڕەی ئەمەریکی، لە زاری گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە "واشنتن داوای کۆبوونەوە و رێککەوتنی لە بەغدا و هەولێر کردووە لەسەر پرسی نەوت، کە رەزامەندی هەردوولایەنی لەسەر بێت و هەنگاوبنێن بۆ دامرکاندنەوەی گرژییەکان".
سەرچاوەکە نەیویستوە ناوی ئاشکرابکرێت، ئاماژەیداوە "ئەرکێکی تایبەت و نوێی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق هاوکاریکردنی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە، بۆ ئەوەی بیانگەیەنێتە رێککەوتن".
راشیگەیاندووە "بەغدا و هەولێر دەبێت دانووستاندن بکەن، بۆ یارمەتیدانیان لەسەر رێککەوتن و سوود، لە هاوکارییەکانی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان وەربگرن".