سوپاسالاری پێشمه‌رگه: ڕێگه له دانیشتوانی گونده ڕزگاركراوه‌كانی نه‌ینه‌وا نه‌گیراوه بگه‌ڕێنه‌وه
ئه‌وانه‌ی هاوكاری داعشن ڕێگه‌یان پێ‌نادرێت بگه‌ڕێنه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
سوپاسالاری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ڕه‌تیده‌كاته‌وه كه هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ڕێگه‌یان له خه‌ڵكی ئه‌و گونده ڕزگاركراوانه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا گرتبێت بچنه‌وه گونده‌كانی خۆیان.
فه‌ریق (جه‌مال محه‌مه‌د) سوپاسالاری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان،به ماڵپه‌ڕی (كوردستان 24) ی ڕاگه‌یاند، هیچ بڕیارێك له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه نه‌دراوه،كه ڕێگه له خه‌ڵكی ده‌وروبه‌ری موسڵ و گونده ڕزگاركراوه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا بگرێت تا بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان و دژی ئه‌وه‌شن كاری له‌و شێوه‌یه بكرێت.
ئه‌و گوندانه‌شی له ڕابردوودا له ناوچه‌كانی ڕه‌بیعه و ده‌وروبه‌ری ڕزگاركراون،خه‌ڵكی گوند و ناوچه‌كان گه‌ڕاونه‌ته‌وه جێگه‌كانی خۆیان و هیچ ڕێگرییه‌ك له كه‌س نه‌كراوه،ئه‌گه‌ر چه‌ند گوندێك یان ناوچه‌یه‌ك دانیشتوانه‌كه‌ی نه‌گه‌ڕابنه‌وه مانای ئه‌وه‌نیه كه پێشمه‌رگه ڕێگه‌ی لێگرتبن، به‌ڵكو به‌شێك له‌وانه هاوسۆزن له‌گه‌ڵ داعش و له‌كاتی ڕزگاركردنی ناوچه‌كانیان له‌گه‌ڵ داعش ڕایانكردووه، یان ئه‌و جێگانه‌ن كه هاوكاری سه‌ره‌كی داعشیان كردووه و ده‌ستیان به خوێنی خه‌ڵكی ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ریان سور بووه و به‌شێك بوون له داعش.
ئه‌مڕۆ ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا و فه‌رمانده‌ی هێزی (نه‌وادر) ی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی ( عه‌بدولڕه‌حیم شه‌مه‌ری) به میدیایه‌كی ناوخۆییی عێراقی ڕاگه‌یاندبوو، كه هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ڕێگه‌ناده‌ن خه‌ڵكی ئه‌و گوند و ناوچانه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا بگه‌ڕێنه‌وه شوێنه‌كانی خۆیان،كه هێزی پێشمه‌رگه به هاوكاری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كۆنترۆڵیان كردووه.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كردووه ئه‌م ڕێگرییه بۆته مایه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوكێ لای خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه و مه‌ترسیان له‌وه هه‌یه كه دوای ڕزگاربوونی ناوچه‌كانی دیكه‌ی پارێزگای نه‌ینه‌واش،به‌هه‌مان شێوه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت.
به‌ڵام سوپاسالاری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و قسانه ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه هێزه‌كانی پێشمه‌رگه هه‌موو پێكهاته‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه ده‌پارێزن و ڕێگه له هیچ كه‌سێك ناگیرێت،مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان به خوێنی خه‌ڵكی سووره و به‌شێك بوون له داعش.