د. مه‌حموود عوسمان: كورد نابێت له به‌غدا ببێته ئۆپۆزسیۆن
"ئه‌مه‌ریكا هیچی بۆ كورد نه‌كردووه"

K24 - هه‌ولێر:
د. مه‌حموود عوسمان، سه‌یاستمه‌داری كورد و ئه‌ندامی پێشووتری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، پێویسته كورد له به‌غدا یه‌كگرتوو بێت و نه‌بێته ئۆپۆزسیۆن، ره‌خنه‌ش له سیاسییه‌كانی عێراق ده‌گرێت و ده‌ڵێت "ئه‌وانه‌ی پیاوی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت نین".
د. مه‌حموود عوسمان گوتی: ئه‌وه‌ی له عێراق رووده‌دات سه‌یره و قابیلی قبووڵ نییه، دوای هه‌شت مانگ له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، هێشتا باسی پێكهێنانی حكومه‌ت نییه، موقته‌دا سه‌در به بڕیارێك 73 په‌رله‌مانتاری له پرۆسه‌ی سیاسی لابرد و ده‌نگی ملیۆنان كه‌سیشی سڕییه‌وه، كه ده‌نگیان به‌و په‌رله‌مانتارانه دابوو، ئه‌م جۆره شتانه له هیچ وڵاتێك روونادات.
گوتیشی: ئه‌وانه‌ی دژی سه‌درن، نازانن چی بكه‌ن، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی دوای كشانه‌وه‌ی سه‌درییه‌كان، یه‌كگرتوو نین، هه‌ر سه‌ركرده‌ی به‌جۆرێك قسه ده‌كات، شته‌كان دوا ده‌خه‌ن، به‌نیازن پێكهێنانی حكومه‌ت بیخه‌نه دوای جه‌ژن، له‌كاتێكدا پێكهێنانی حكومه‌ت به چه‌ند رۆژێك درووست ده‌كرێت، ئه‌وان ناتوانن حكومه‌ت درووست بكه‌ن و بێ توانان.
د. مه‌حموود عوسمان ئاماژه‌ی به‌وه كرد، كورد و سوننه‌كانیش به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی شیعه گیریان خواردووه، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت درووستیش بكرێت، حكومه‌ته‌كه سه‌ركه‌وتوو نابێت و ناتوانێت كارا بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌تی داهاتوو سه‌درییه‌كانی تێدا نییه و سه‌در لێیان تێكده‌دا، پێشتر له رێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه به‌ربه‌ستی درووست ده‌كرد، ئێستا له رێگه‌ی شه‌قامه‌وه درووستی ده‌كات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ره‌وشه‌كه ئاڵۆزه و كوردیش خۆی یه‌كلانه‌كردووه‌ته‌وه، هێشتا روون نییه چی لێدێت، به‌ڵام له ئه‌نجامدا ره‌نگه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ هه‌ڵبژاردنێكی دیكه، هه‌رچه‌ند هه‌ڵبژاردنێكی دیكه‌ش بكرێت، هیچ ناگۆڕێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌و ده‌موچاوانه‌ن، له دوای 2003ـه‌وه ئه‌وانه حكومی عێراق ده‌كه‌ن و پیاوی ده‌وڵه‌ت نین و ناتوانن وڵاته‌كه به‌ڕێوه‌ببه‌ن، خه‌ڵكه‌كه‌یان تووشی نه‌هامه‌تی كردووه.
د. مه‌حموود عوسمان روونیكرده‌وه، هه‌رچه‌نده چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی داوای كردووه، بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عێراق، سه‌درییه‌كانیش به‌شداری بن، به‌ڵام سه‌در به‌شداری ناكات و هه‌ر رۆژه‌ی راگه‌یه‌ندراوێك بڵاو ده‌كاته‌وه و مه‌رجه‌كانی زیاد ده‌كات، له‌لایه‌كی دیكه‌ش مالیكی ده‌یه‌وێت به‌بێ سه‌در حكومه‌تی نوێ پێكبهێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی به كه‌یفی خۆیان حكومی ئه‌و وڵاته بكه‌ن.
روونیشكرده‌وه، پێناچێت حكومه‌تی داهاتووی عێراق به ئاسانی پێكبهێت، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه دوای جه‌ژن هه‌وڵێك هه‌یه، به‌ڵام جیاوازی ئێستا و دوای جه‌ژن نییه، ئه‌وان ره‌چاوی خه‌ڵكی عێراق ناكه‌ن، وشكه ساڵی رووی له وڵات كردووه، خزمه‌تگوزاری نییه، گه‌نده‌ڵی زۆره، نرخی كاڵاكان زیادی كردووه، ئه‌م هه‌موو كێشانه رووبه‌ڕووی عێراق و ده‌بێته‌وه هاووڵاتیان چاوه‌ڕوانی سیاسییه‌كانن، ئه‌وان به كه‌ڵكی ئه‌وه نایه‌ن ئیداره‌ی ئه‌و وڵاته بكه‌ن، به‌ڵام خه‌ڵكه تووشی به‌مانه بووه، سه‌ریان لێشێواوه.
د. مه‌حموود عوسمان باسی له‌وه كرد، كورد ده‌بێت له‌نێوان خۆیاندا یه‌كگرتوو بن، كه یه‌كگرتوو نین، ئه‌وه كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، هه‌ر حزبه‌ی به‌جیا خه‌ریكه و ئه‌وه زۆر خراپه بۆ ئێمه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كورد ناچاره به‌شداری له حكومه‌ت بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد كێشه‌ی هه‌یه، كورد ناتوانێت ببێته ئۆپۆزسیۆن، پێویسته كێشه‌كانی چارسه‌ر بكات، كێشه‌كانیش له‌گه‌ڵ حكومه‌ت چاره‌سه‌ر ده‌بێت، بۆیه كورد بیه‌وێ و نه‌یه‌وێت، ده‌بێت له‌و حكومه‌ته به‌شدار بێت، به مه‌رجێك حكومه‌ته‌كه ره‌چاوی هاوسه‌نگی، شه‌راكه‌ت و ته‌وافوق بكات، كه كورد داوای ده‌كات، له‌هه‌مانكاتدا كێشه‌كانی كورد، كه مادده‌ی 140ـه، بابه‌تی نه‌وته، پێشمه‌رگه‌یه، ده‌بێت جێبه‌جێ بكرێت.
باسی له‌وه‌ش كرد، كورد فشاری زۆری له‌سه‌ره، مووشه‌كباران ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش به ئاگاداری ئێران، كه له‌مه‌دا ده‌ستی هه‌یه، میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران ئه‌و كاره ده‌كه‌ن، حكومه‌تی كازمیش هیچ ناكات، ناشتوانێت هیچ بكات، ناوێرێت قسه‌شیان له‌گه‌ڵ بكات، هه‌رێمی كوردستان فشارێكی دیكه‌شی له‌سه‌ره، ئه‌ویش فشاری ئابوورییه، كه بابه‌تی نه‌وت و مووچه و بودجه‌یه و چاره‌سه‌ر نه‌بووه.
د. مه‌حموود عوسمان جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، ئه‌وانه‌ی به‌غدا بڕوایان به فیدراڵی نییه، بڕوایان به‌وه نییه كورد قه‌واره‌ی خۆی هه‌بێت، هه‌میشه هه‌وڵیان داوه ده‌سه‌ڵاته‌كانی كورد كه‌م ببێته‌وه، هه‌وڵیان داوه ده‌ستووریش بگۆڕن، به‌ڵام نه‌یاتوانیوه، ئه‌وانه ده‌یانه‌وێت هه‌رێمی كوردستان وه‌كو پارێزگایه‌ك سه‌یر بكه‌ن، نه‌وه‌ك وه‌كو كیانێكی ده‌ستووری.
راشیگه‌یاند، له دوای رووخانی رژێمه‌كه‌ی سه‌دام، كورد ده‌سه‌ڵاته‌كانی زیاتر بوون، تا ده‌ستوور نووسرایه‌وه، كه ده‌ستوورێكی باشه، كورد به نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور رۆڵێكی زۆری هه‌بوو، مام جه‌لال سه‌رۆك كۆمار بوو، له‌وێ بوو، كاك مه‌سعود زیاتر له 50 رۆژ له‌وێ بوو، تا ده‌ستووره‌كه نووسرایه‌وه، هه‌موو به‌یه‌كه‌وه رۆڵێكی زۆریان هه‌بوو، به‌ڵام ده‌ستووره‌كه به‌پێی پێویست جێبه‌جێنه‌كراوه، پێشلێكارییه‌كه به‌ردوامه، ئێستا هه‌موو باسی ده‌ستوور ده‌كه‌ن، به‌ڵام حیسابی بۆ ناكه‌ن.
د. مه‌حموود عوسمان له‌و بڕوایه‌دایه، كه "ئێستا بڕیاره‌كان لای كه‌سێكه، لای ئه‌م كوتله و ئه‌و كوتله‌یه، هه‌یه هه‌ر بڕوای به مافه‌كانی كورد نییه، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی سه‌ر به ئێرانن، ئه‌مه‌ریكا هیچ رۆڵێكی نییه، هیچی بۆ كورد نه‌كردووه و ناشیكات، پێموایه زۆر هه‌ڵه‌یه كورد پشت به ئه‌مه‌ریكا ببه‌ستێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ بۆ كورد ناكات و له‌ناو عێراق به‌رگری له‌خۆیشی ناكات".