ئومێد خۆشناو: هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت بۆ چەند رۆژێک نییە  

"ئەوە بابەتێکی ستراتیژیە و بەردەوامی دەبێت"

کۆنفرانسی رۆژنامەوانی پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ 3ـی تەموزی 2022، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت بۆ چەند رۆژێک نییە، ئەوە بابەتێکی ستراتیژیە و بەردەوامی دەبێت.

ئومێد خۆشناو دووبارە داوای لەو هاووڵاتییانە کرد کە چەکی بێ مۆڵەتیان هەیە، رادەستی لایەنە ئەمنیەکانی بکەن و لەم هەڵمەتە نیشتیمانیەدا بەشداربن.

ناوبراو گوتیشی: "هەڵمەتەکە لەپێناو پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان و رێگریکردنە لەو دیاردە دزێوانەی ناخی هەموومانی هەژاند".

سەبارەت بە ئامادەکاریەکان بۆ جەژنی قوربان، پارێزگاری هەولێر باسی لەوە کرد، "قوربانیکردن لەناو ماڵ و گەڕەکەکان قەدەغەیە و بۆ راییکردنی کارەکانی هاوڵاتییان لە رۆژانی جەژندا، کوشتارگەمان راسپارد، کاتی دەوامی درێژ بکاتەوە و تیمەکانی زیاتر بکەن و لە 24 کاتژمێردا 14 کاتژمێر لە خزمەتی هاووڵاتییاندا کراوە بێت".

لە کۆنفرانسی پارێزگاری هەولێردا ئاماژە بە ئامادەکاریەکان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیارانی پارێزگای هەولێر کرا و ئومێد خۆشناو لەو بارەیەوە گوتی: "بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە سارەکانی ناوەراست و باشووری عێراق، ژمارەیەکی زۆری گەشتیار روو لە هەولێر دەکەن، هەربۆیە بەپێی ئەو پلانەی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەولێر و تیمەکانی قائیمقامیەت و کۆمەڵەی میوانخانەکان داڕێژرا، بڕیاردرا لە رۆژانی جەژندا چێشتخانە و شوێنە گەشتیاریەکانی هەولێر کراوەبن و ئامادەکاری بکرێت، هاوکات تیمەکانی گەشتوگوزار لە هەموو بازگەکان بوونیان دەبێت و رێنوێنی و ئاسانکاری پێشکەش بە گەشتیاران دەکەن".

Fly Erbil Advertisment