BBC: بۆریس جۆنسن لە پۆستی سەرۆکی پارتەکەی دەستلەکاردەکێشێتەوە

"تا پایز لە پۆستی سەرۆک وەزیراندا دەمێنێتەوە"
بۆریس جۆنسن
بۆریس جۆنسن

K24 - هەولێر:

بەگوێرەی هەواڵێکی وێبسیاتی "بی بی سی"،  ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ـی تەمووزی 2022، بۆریس جۆنسن دەست لە پۆستی سەرۆکی پارتی پارێزگاران دەکێشێتەوە و تا پایز لە پۆستی سەرۆک وەزیراندا دەمێنێتەوە.

بی بی سی بڵاویکردەوە، بڕیارە بەم زووانە بۆریس جۆنسن لە داونینگ ستریت بەیاننامەیەکی دەستلەکارکێشانەوە بدات. 

سێر کیر ستارمەر، سەرکردەی پارتی کرێکاران لە تویتێکدا سەبارەت بەو دۆخەی حکومەتی ئەو وڵاتە پێیدا تێدەپەڕێت نووسیویەتی: "پارتی پارێزگاران سەرپەرشتی 12 ساڵ وەستانی ئابووری و دابەزینی خزمەتگوزارییە گشتیەکان و بەڵێنی بەتاڵیان کردووە".

سێر کیر ستارمەر گوتیشی: "ئێمە پێویستمان بە گۆڕینی سەرۆکی پارتی پارێزگاران نییە، بەڵکو پێویستمان بە گۆڕینێکی دروستی حکومەتە، پێویستمان بە سەرەتایەکی نوێیە بۆ بەریتانیا".

لەلایەکی دیکەوە نازم زەهاوی لە نوێترین تویتیدا پەیامێکی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە وداوای دەستلەکارکێشانەوەی بۆریس جۆنسنی کرد و گوتی: "دوێنێ بۆ سەرۆک وەزیران و هاوکارەکانم روونکردنەوە کە ئەمەی روودەدات تەنیا یەک ئاراستەی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئەو (بۆریس جۆنسن) شەرەفمەندانە پۆستەکەی جێبهێڵێت".