باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق: نه‌وه‌ی دووه‌می داعش چه‌كدار ده‌كرێت
"5 هه‌فته له سه‌ره‌تای كاركردنم له عێراق زۆر به‌خێرایی گوزه‌ری كرد"

K24 – هه‌ولێر:
باڵیۆزی نوێی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ئاشكرایكرد، داعش له سووریا خه‌ریكه نه‌وه‌ی دووه‌م بۆ شه‌ڕكردن ئاماده ده‌كات، بۆیه مه‌ترسی ئه‌م رێكخراوه تیرۆریستییه كۆتایی نه‌هاتووه.
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا له عێراق بۆ ئاژانسی فه‌رمی ئه‌م وڵاته رایگه‌یاند، په‌یوه‌ندییه ئه‌منییه‌كانی نێوان واشنتن و به‌غدا پشت به رێكه‌وتنی ستراتیژی ده‌به‌ستێت، كه بریتییه له پێشكه‌شكردنی مه‌شق و راهێنان به سوپای عێراق، هه‌روه‌ها پێدانی راوێژی ئه‌منی.
رۆمانۆوسكی راشیگه‌یاند، 5 هه‌فته له سه‌ره‌تای كاركردنم له زۆر به‌خێرایی گوزه‌ری كرد، سه‌ركرده‌كانی عێراق پێشوازیان لێكردین.
ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "ئه‌ركی سه‌ره‌كیم بریتییه له پێشكه‌شكردنی پاڵپشتی هاوبه‌ش كه له رێكه‌وتنی ستراتیژی هه‌ڵقوڵاوه، هه‌ندێك له خاڵه‌كانی ئه‌م رێكه‌وتنه‌ش كارا ده‌كه‌ین، وه‌ك گۆڕینی ئه‌ركی سه‌ربازیمان بۆ راوێژكاری".
جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، ئه‌ركی سه‌ره‌كی ئه‌مه‌ریكا له عێراق له‌ناوبردنی داعشه، كه خه‌ریكن له باكووری سووریا نه‌وه‌ی دووه‌میان چه‌كدار ده‌كه‌ن، بۆیه هه‌میشه ئاگادار ده‌بین.
هه‌روه‌ها پێشوازی له هه‌وڵه‌كانی به‌غدا ده‌كات بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی ژن و منداڵ له سووریا.
رۆمانۆوسكی گوتی: "ئه‌مه‌ریكا له ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه له رێگه‌ی جۆ بایدنه‌وه به‌شداری لووتكه‌ی وڵاتانی كه‌نداو له سعوودیه ده‌كات، له‌نێویشیاندا عێراق، ئوردن و میسر ئاماده‌ی ده‌بن".