رێوڕەسمی جەژنی قوربان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت

جەژن لە رێنماییەکانی کۆرۆناوە بۆ تای خوێنبەربوون

ڕێوڕەسمی جەژن لە مزگەوتێکی هەولێر - فۆتۆ: رێباز سیان
ڕێوڕەسمی جەژن لە مزگەوتێکی هەولێر - فۆتۆ: رێباز سیان

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ رێوڕەسمی یەکەم رۆژی جەژنی قوربان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و زۆربەی وڵاتان بەڕێوەدەچێت.

چەند ساڵێک بوو بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێکار و رێنماییە تەندروستییەکان خەڵکی کەمتر بەشداریان لە رێوڕەسمی جەژندا دەکرد، ئەم جەژنەش داوا لە هاووڵاتیان کراوە پابەندی رێنماییەکان بن بەتایبەتی لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون کە نەخۆشییەکی گوازراوەیە و یەکێک لە رێگاکانی گواستنەوە لە ئاژەڵانەوەیە بۆ مرۆڤ.

جەژنی قوربان، جگە لە ئەرکە ئاینییەکانی وەک حەج کردن و نوێژی جەژن و قوربانی، هاوکات بۆنەیەکی کۆمەڵایەتییە بۆ کۆبوونەوەی خێزانەکان و گەشت و سەیران.

رێوڕەسمی جەژنی قوربان لە مزگەوتەکانەوە دەستپێدەکات، دوای نوێژی جەژن بەشداربووان لە مزگەوت گەردەن ئازادی لە یەکتر دەکەن، دواتر سەردانی ماڵەکان دەکەن و پیرۆزبایی جەژن لە کەسوکار و دراوسێکانیان دەکەن، هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا ئەم نەریتە کەمتر بووە و خەڵکی زیاتر لە رێگەی تەلەفۆن و سۆشیال میدیا پیرۆزبایی لە یەکتر دەکەن.

یەکێکی دیکە لە نەریتەکانی جەژن، سەردانی خەڵکە بۆ سەر گۆڕی کەسوکاریان، لە بەیانی یەکەم رۆژی جەژن بەشێکی هاووڵاتیان بەر لە جەژنە پیرۆزە سەردانی گۆڕستانەکان دەکەن.

رێوڕەسمی جەژن لە مزگەوتێکی سلێمانی
رێوڕەسمی جەژن لە مزگەوتێکی سلێمانی

 

Fly Erbil Advertisment