یه‌حیا كوبه‌یسی: وتاره‌كه‌ی بایدن بۆ پیشاندانی ده‌ستكه‌وتی ناڕاسته‌قینه‌یه
راسته‌كه‌ی ئه‌وه‌یه عێراق نێوه‌ندگیر نییه، ته‌نیا نامه‌به‌رێكه

K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، جۆ بایدن، ئه‌مڕۆ له رۆژنامه‌ی "واشنتن پۆست" وتارێكی بڵاوكرده‌وه و تێیدا روانگه‌ی خۆی بۆ پرسه هه‌نووكه‌ییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خسته‌ڕوو. له كاردانه‌وه‌ی وتاره‌كه‌یدا، یه‌حیا كوبه‌یسی، شرۆڤه‌كاری سیاسی بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، له وتاره‌كه‌یدا بایدن دوو جار باسی عێراقی كردووه و جارێكیان به‌راوردی كردووه به لوبنان و لیبیا و جارێكیشیان باس له نێوه‌ندگیری عێراق بۆ سعوودییه و ئێران ده‌كات، كه ئه‌مه درووست نییه و راسته‌كه‌ی ئه‌وه‌یه عێراق نێوه‌ندگیر نییه، ته‌نیا نامه‌به‌رێكه.
بڵاوبوونه‌وه‌ی وتاره‌كه له به‌رایی ئه‌و سه‌ردانه‌دایه، كه بڕیاره هه‌فته‌ی داهاتوو بایدن بۆ عه‌ره‌بستانی سعوودییه ئه‌نجامی بدات.
له ده‌ستپێكی وتاره‌كه‌دا بایدن نووسیویه‌تی: رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستێكی سه‌قامگیر و یه‌كدی ته‌واوكار له چه‌ندین رووه‌وه له سوودی ئه‌مه‌ریكایه.
له باره‌ی دۆسییه‌ی عێراقه‌وه، بایدن له وتاره‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: ئێمه ئه‌ركی جه‌نگییمان له عێراق كۆتایی پێهێنا، رۆڵ و مانه‌وه‌ی سه‌ربازیمان له عێراق له جه‌نگه‌وه گۆڕی بۆ راهێنانی عێراقییه‌كان. هه‌روه‌ها پارێزگاریمان له‌و هاوپه‌یمانییه نێوده‌وڵه‌تییه كرد، كه كاتێك جێگری سه‌رۆك بووم، له دژی داعش رامان گه‌یاند، ئێستاش سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی رێگه نه‌ده‌ین داعش سه‌رهه‌ڵداته‌وه.
له باره‌ی ئه‌و هێرشه مووشه‌كیانه‌ی له ساڵی رابردوودا كرانه سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا، بایدن نووسیویه‌تی: سه‌رۆكی پێشوو، چه‌ندین جار فڕۆكه‌ی بی 52ی ره‌وانه‌ی عێراق ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌و رێككاره سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، هێرشه‌كانیش به‌رده‌وام بوون.
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: به رێژه‌یی ئه‌و هێرشانه‌ی ئێران پشتیوانی ده‌كردن به‌راورد به دوو ساڵی پێشتر كه‌مبوونه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌شی نووسیوه: عێراق ئێستا بووه‌ته سه‌كۆیه‌كی دیپلۆماتی له نێوان ئێران و سعوودییه‌دا، دوای ئه‌وه‌ی پێشتر ببوه سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ ململانێی به وه‌كاله‌ت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، شا عه‌بدوڵڵای پادشای ئوردن، بۆی باسكردووه، كه ئێستا ره‌وشێكی نوێ له ناوچه‌كه‌دا هاتووه‌ته ئاراوه.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشاوه، له دوای رووداوه‌كانی 11ی سێپتێمبه‌ره‌وه، یه‌كه‌م سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكایه رووبكاته خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به بێ ئه‌وه‌ی هیچ یه‌كه‌یه‌كی سوپای ئه‌مه‌ریكا به مه‌به‌ستی جه‌نگ له ناوچه‌كه بێت و ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌شی ته‌نیا پارێزگاریكردنه له‌و رێچكه‌یه.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌یی وڵاتانی ئه‌نجوومه‌نی هاریكاری كه‌نداو به‌شدار بێت، كه هه‌ریه‌ك له عێراق و میسر و ئوردن تێیدا به‌شدار ده‌بن.
پێشتریش، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، "ئه‌لینا رۆمانۆسكی" رایگه‌یاندبوو، ئه‌مه‌ریكا پشتیوانی په‌یوه‌ستبوونی عێراق به وڵاتانی ناوچه‌كه له رووی ئابووری و ئه‌منییه‌وه ده‌كات.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، دڵشاد نامق، شرۆڤه‌كاری سیاسی بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، له دوای 2003ه‌وه حكومه‌ته‌كانی عێراق نه‌یانتوانیوه ببنه جێی متمانه‌ی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه سه‌قامگیر نه‌بووه، وڵاتانی دراوسێ به چاوی پێكهاته‌كانه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ره‌وشه‌كه كردووه و توركیا رایه‌ڵی له‌گه‌ڵ توركمانه‌كان و ئێرانیش له‌گه‌ڵ شیعه‌كان و وڵاتانی سوننه‌ش له‌گه‌ڵ سوننه‌كان درووست كردووه.
وتیشی: عێراق پێگه‌یه‌كی جیۆسیاسی به‌هێزی هه‌یه، بۆیه وڵاتان ده‌خوازن هه‌ژموونیان تێیدا هه‌بێت. ره‌نگیشه ئه‌وه په‌یامێك بێت بۆ ئێران تاوه‌كو عێراق له ژێر هه‌ژموونی ئێران ده‌ربهێنێت و هه‌میشه عێراق كراوه‌ته قوربانی ململانێكانی ئه‌مه‌ریكا و ئێران.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، بایدن ده‌خوازێت وڵاتانی ناوچه‌كه به تایبه‌تی كه‌نداو، په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ عێراق پته‌وتر بكه‌ن، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات، زیاتر له ژێر هه‌ژموونی ئێران ده‌ربازی بێت.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه، یه‌حیا كوبه‌یسی، شرۆڤه‌كاری سیاسی بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی بایدن له وتاره‌كه‌یدا باسیكردووه، زۆرتر نمایشێكی به‌ده‌ر له واقیعه، چونكه بایدن ده‌یه‌وێت دوای 18 مانگ به گه‌یشتنی به ده‌سه‌ڵات، ئاماژه به ده‌ستكه‌وته نا راسته‌قینه‌كانی بكات، به تایبه‌تی له سه‌روبه‌ندی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی بایدن و دیموكراته‌كان رووبه‌ڕووی بوونه‌ته‌وه، سه‌باره‌ت به ره‌وشی ئابووری ئه‌مه‌ریكا و قه‌یرانی سووته‌مه‌نی.
وتیشی: بایدن دوو جار باسی عێراقی كردووه، له شوێنێكیان باسی چه‌قبه‌ستوویی سیاسیی عێراقی كردووه و به‌راوردی كردووه به لیبیا و لوبنان.
له باره‌ی رۆڵی عێراقیشه‌وه بۆ نێوه‌ندگیری نێوان سعوودییه و ئێران، كه بایدن باسی كردووه، كوبه‌یسی وتی: ئه‌وه‌ی ده‌وترێت به‌و جۆره نییه، چونكه عێراق ناتوانێت ئه‌و رۆڵه بگێڕێت، به‌ڵكو ته‌نیا نامه به‌رێكی نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌یه و ئه‌مه‌ش جیاوازه له‌وه‌ی رۆڵی نێوه‌ندگیرانه بگێڕێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، سعوودییه عێراق به نزیكی ئێران ده‌بینێت و ریاز ناتوانێت وه‌ك نێوه‌ندگیرێكی راسته‌قینه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ عێراق بكات، ئه‌و پرسه په‌یوه‌ست نییه به مسته‌فا كازمییه‌وه به ته‌نیا.