بێگەرد تاڵەبانی: شەش بەنداو تەواو دەکرێن و ئاویان تێدا گل دەدرێتەوە

"لە کابینەی نۆیەم خەرجییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بە رێژەی %70 کەمکراوەتەوە"

K24 – هەولێر

وەزیری کشتوکاڵ رایدەگەیەنێت: بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 13 ملیار دینار بۆ تەواوکردنی هەندێک بەنداو تەرخانکراوە، بۆ وەرزی بارانبارینی ساڵی داهاتوو شەش بەنداو تەواو دەکرێن و ئاویان تێدا گل دەدرێتەوە.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو-ی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم کاتێک کارنامەی کابینە خرایەڕوو پلانی ستراتیژی خۆمان داڕشت، بۆ ئەوەی قۆناغ بە قۆناغ بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان کاربکرین، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانمان گرنگیدان بوو بە ئاسایشی خۆراک، لە ساڵانی رابردوودا بەرهەمی زۆری خۆراکمان هەبوو، بەڵام کێشەی بە بازاڕکردنمان هەبوو، بۆیە ئەو بابەتەمان لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران باسکرد، کە بریتی بوو لە دروستکردنی سایلۆ و 13 کارگەی جۆراوجۆر بۆ بە پیشەسازیکردنی دانەوێڵەی گەنم و کۆگا کردن و وەرگرتنەوەی لە جووتیاران، بە خۆشحاڵییەوە ئەو پڕۆژەیە خۆی لە دامەزراندنی چەندین سایلۆ دەبینێتەوە لە سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان کە ساڵانە توانای کۆگا کردنی 500 هەزار تۆن دانەوێڵەیان هەیە لەگەڵ کارگەکانیان، ئێستا بەشێک لە کارگەکان بەگەڕخراون و بەرهەمەکانیان دەنێرنە ناو بازاڕی هەرێمی کوردستان".

گوتیشی: "لە بواری پەرەپێدانی پیشەسازی خۆراکی بە هاوکاری لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان هەنگاوی جیدیمان ناوە، کە بریتی بوو لە بەرزکردنەوەی وەبەر‌هێنان لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی، بۆ ئەوەی ئاسایشی خۆرکای خۆمان پارێزراو بێت، ئێستا ئاستی وەەبەرهێنانی پیشەسازی لە %1.8 بەرزبووەتەوە بۆ سەرووی %8، کە ئەمە یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکان بە ئاراستەی پاراستنی ئاسایشی خۆراک و دامەزراندنی چەندین کارگەی جۆراوجۆر لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بتوانین هەموو بەربوومە خۆماڵییەکان بە پیشەسازی بکەین و بە کوالێتی بەرز بیخەینەوە بازاڕەکانی خۆمان و بازاڕی ئێمە شوێنی ساغکردنەوەی بەروبوومی وڵاتان نەبێت، لەمەش گرنگی زۆرمانداوە بە بەرهەمی پەتاتە و زەیتی زەیتوون و قارچک و چەندین بەرهەمی تر، هاوکات گرنگی زۆر دراوە بە پڕۆژەکانی پەلەوەری".

لەبارەی داواکاری جووتیاران، بێگەر تاڵەبانی گوتی: "داواکاری جووتیاران رەوایە و ئەوان داوای پاڵپشتی دەکەن، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم رووبەرووی کۆمەڵێک قەیران بووەوە، وەک قەیرانی داریی، تێكجوونی پەیوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، نەهاتنی ئەو بودجەیە لە بەغدا کاریگەری کردە سەر هەموو سێکتەرەکان، جگە لەوە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری زۆری دروستکرد و کشتوکاڵیشی گرتەوە، رەخنە و پێشنیازی جووتیاران لە جێی خۆیەتی، بەڵام هەندێک قەیران جیهانییە، بەتایبەتی دوای شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا زۆر لە کەرەستەی جووتیاران و پەین و دەرمانی کشتوکاڵی و ڤێتەرنەری نرخیان بەرزبووەتەوە، بۆ پاڵپشتی جووتیاران چەند هەنگاوێکمان دا، هەندێک شتمان کردووە کە یەکەمجار بووە و لە کابینەکانی دیکەدا نەبووە، وەک لێخۆشبوونی گومرگی کە پێشتر لە دەسەڵاتی وەزارەت نەبووە بە خۆشحاڵییەوە لە ئەنجومەنی وەزیران پەسندکرا".

وەرزیری کشتوکاڵ، راشیگەیاند: "بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی کۆمەڵێک بڕیاردراوە، یەکێک لە بڕیارەکان گرنگیدانە بە ئاو، لە رووی بەنداو بە بڕیاری سەرۆک وەزیران نزیکەی 13 ملیار دینار بۆ تەواوکردنی هەندێک بەنداو تەرخانکراوە، بۆ وەرزی بارانبارینی ساڵی داهاتوو شەش بەنداو تەواو دەکرێن و ئاویان تێدا گل دەدرێتەوە، 50 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل دەدەینەوە، هەروەها 25 پۆند دروست دەکەین، لە ناوچە جیاوازەکان بۆ گلدانەوەی ئاو، هەروەها بڕیارە لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان هەماهەنگی بکەین بۆ پڕۆژەی ئاودێری گەورە، ئەو پڕۆژانە راستەوخۆ ئاو لە زێیەکان بگوازنەوە سەر زەوی جووتیاران، ئەوەی زۆر گرنگە جووتیاران لەسەر ئەو میکانیزمە رابهێنین کە تەکنەلۆژیای نوێ بۆ بەرهەمهێنانی بەروبووم".

سەبارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق، ئاماژەی بەوەدا: "هەماهەنگیمان باشن، بەڵام زۆرجار تێکچوونی پەیوەندییە سیاسییەکان کاریگەرییەکان لەسەر پەیوەندیی و بڕیارە ئیدارییەکان هەیە، لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی گفتوگۆمان لەسەر ساغکردنەوەی بەروبوومەکان کردووە، کە لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی هەرێمی کوردستان، ئەوان دەرگا بە رووی بەرووبوومی بیانی دا نەکەنەوە".

بێگەرد تاڵەبانی، باسی لەوەشکرد: "کاتێک بڕیاردرا یاسای چاکسازی لە سەرجەم سێکتەرەکان جێبەجێ بکرێت، لە چوارچێوە ئەو یاسایەدا بریارماندا بە رێکخستنەوەی میلاکاتی وەزارەت و هەڵاوێرکردنی ئەو کەسانەی فەرمانبەری وەزارەتن یان ناوی دووبارە کۆتایی پێهێنراوە، پەیڕەوی تایبەتی وەزارەت داڕێژراوە و خەرجییەکان بە رێژەی %70  کەمکراوەتەوە و پێداچوونەوە بە رسوماتەکاندا کراوە، بە جۆرێک کە کاریگەری نەکاتە سەر خاوەن پڕۆژەکانی کشتوکاڵی".

Fly Erbil Advertisment