چوارچێوەی هەماهەنگی داوایەک لە پارتی و یەکێتی دەکات
بڕیارە دوای جەژن بۆ دیارکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران کۆببنەوە
K24 – هەولێر
بەرپرسێک لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایدەگەیەنێت، پێویستە پارتی و یەکێتی کاندیدی سەرۆک کۆمار یەکلا بکەنەوە.
مەهدی تەقی ئامرلی، سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانی فەتح و سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "سەرۆک کۆمار کاندیدی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق دیاری دەکات، بۆیە پێویستە پارتی و یەکێتی کاندیدی سەرۆک کۆمار یەکلا بکەنەوە، بۆ ئەوەی کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاری بکرێت.".
ئەو سەرکردەیەی چێوارچێوەی هەماهەنگی باسی لەوەشکرد: "بە یەکلانەبوونەوەی کاندیدی سەرۆک کۆمار لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە، ئەستەمە پەرلەمانی عێراق بتوانێت کۆببێتەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە بڕیارە دوای جەژن لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆببنەوە.
دوای کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمانی عێراق، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق چڕ کردووەتەوە، بەڵام تائێستا لەنێوخۆشیان نەگەیشتوون بە هیچ رێککەوتنێک، بەتایبەتی لەسەر دانانی کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیران ناکۆکن.