وەزیری ناوخۆی عێراق پەیامێکی کازمی دەباتە کەرکووک

بەرپرسانی ئەمنی کەرکووک داوای زیادکردنی هێزە ئەمنییەکان دەکەن

K24 – کەرکووک

وەزیری ناوخۆی عێراق بە سەردانێک گەیشتە کەرکووک و پەیامێکی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەگەیەنێت.

سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە 11/7/2022، عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی عێراق بە سەردانێک گەیشتە شاری کەرکووک. بە گوێرەی زانیارییەکان پەیامێکی کازمی لەبارەی پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی دەگەیەنێتە هێزە ئەمنییەکان، کە چۆن ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕ بکرێتەوە و رێگری لە جموجۆڵەکانی داعش بکرێت".

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان: "باشووری کەرکووک یەکێکە لەو شوێنانەی بۆشایی ئەمنی هەیە و داعش جموجۆڵی تێدا دەکات".

سۆران کامەران، راشیگەیاند: "لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا بۆ کەرکووک، وەزیری ناوخۆی عێراق سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەو شارەی کردووە، بڕیاریشە بچێتە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان و لەگەڵ فەرماندە و بەرپرسەکان گفتوگۆ لەبارەی هەڕەشەکانی داعش دەکەن، بەتایبەتی لە باشوور و رۆژئاوای کەرکووک".

باسی لەوەشکرد: "لە کۆبوونەوەی وەزیری ناوخۆی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی کەرکووک قسە لەسەر زیادکردنی هێزە ئەمنیەکان دەکرێت بەتایبەتی لە سنووری کەرکووک، کە لەماوەی مانگێکدا داعش نزیکەی 15 جار پەلاماری ‌هێزە عێراقییەکانی داوە".