موقته‌دا سه‌در: بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك ئاماده‌ین و پێویست به ترس ناكات
رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در بۆ "هه‌ینی ملیۆنی" رێنمایی لایه‌نگرانی ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له راگه‌یه‌ندراوێكدا داوا له لایه‌نگرانی ده‌كات، رۆژی "هه‌ینی ملیۆنی" پابه‌ندی رێنماییه‌كانی بن، بڕیاریشی داوه رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو شوێنی بەڕێوەچوونی كۆبوونه‌وه ملیۆنییه‌كه‌ی ئاشكرا بكات.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه، نوێژخوێنان پێویست ناكات له شوێنی وتارخوێندنه‌وه نزیك ببنه‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌ر شتێكیش روویدا، ده‌بێت لایەنگرانی هه‌ر پارێزگایه‌ك پابەندی مانەوە لە شوێنی دانیشتنی خۆیان بن و گوێبیستی هه‌ردوو وتاری یه‌كه‌م و دووه‌می هه‌ینی بن.
موقته‌دا سه‌در بۆ لایه‌نگره‌كانی ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، نابێت له‌سه‌ر رێڕه‌وه لاوه‌كییه‌كان دابنیشن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شوێنی هاتووچۆی تیمه‌كانی فریاگوزاری و كاروانی لایه‌نگران و هێزه ئه‌منییه‌كانه، بۆیه پابه‌ندی مه‌رجه‌كانی خۆپارێزی و ته‌ندروستی بن.
رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در داوا له لایه‌نگره‌كانی ده‌كات، به‌پێی پێویست به‌رماڵ، به‌رده‌مۆره (ئه‌و به‌رده‌ی نوێژخوێنانی شیعه مه‌زهه‌ب له‌كاتی نوێژكردن نێوچه‌وانیان له‌سه‌ر داده‌نێن)، سه‌رپۆش یان خاولی، كفن و ئاڵای عێراق له‌گه‌ڵ خۆیان بهێنن.
داوای ئه‌وه‌ش له لایه‌نگرانی ده‌كات، له‌گه‌ڵ كه‌سانی نه‌ناسراو نه‌مێننه‌وه، روو له شوێنی نه‌شیاویش نه‌كه‌ن.
موقته‌دا سه‌در روونیكرده‌وه، له كاتی هه‌ر رووداوێك، ژماره‌ی فریاكه‌وتن به‌رده‌سته، ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌خۆشێك یان بریندارێك هه‌بوو، لیژنه‌ی پزیشكی لێتانه‌وه نزیك ده‌بێت و پێویست به ترس ناكات.
روونیشكرده‌وه، له‌كاتی نوێژكردن لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ وێنه‌گرتن هه‌یه، بۆیه پێویست ناكات خه‌رێكی وێنه‌گرتن بن و وا له راگه‌یه‌نده‌كان بڵاوبكرێته‌وه، كه نوێژی هه‌ینی ملیۆنی نییه.
رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در بڕیاری داوه رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو شوێنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نوێژی هه‌ینی دیاری بكات، دوای ئه‌وەی له رووی ئه‌منییه‌وه دڵنیا ده‌بێته‌وه. ئاشكراشی كرد، به بڕواوه كاتی ده‌رچوونتان به‌یه‌كه‌وه ده‌بێت، له‌سه‌ر هه‌ر كاروانێكی نوێژخوێنانیش پێویسته بنووسرێت: "نووسینگه‌ی شه‌هید محه‌مه‌د سه‌در" له‌گه‌ڵ ناوی پارێزگاكه و ژماره‌ی كاروانه‌كه.
موقته‌دا سه‌در به لایه‌نگره‌كانی ده‌ڵێت، پێشه‌كی خوا لێتانی قبووڵ بكات، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، ئه‌وان له‌سه‌ر لاوازی ئێوه گره‌ویان كردووه، ئێمه‌ش له‌سه‌ر رێكخستن و پابه‌ندبوونتان گره‌و ده‌كه‌ین.
