نەتەوە یەکگرتووەکان: وشکەساڵی ئاستی بەرهەمی دانەوێڵەی عێراقی دابەزاندووە

"قەبارەی بەرهەمی دانەوێڵەی عێراق لەسەدا 35 دابەزیووە"

گۆمێکی دەریاچەی وشکبووی ساوا لە پارێزگای موسەنا لە باشووری عێراق، وێنە: AFP
گۆمێکی دەریاچەی وشکبووی ساوا لە پارێزگای موسەنا لە باشووری عێراق، وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

ئاژانسی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان، دابەزینی ئاستی بەرهەمی دانەوێڵەی لە عێراق پشتراستکردەوە و هۆکارەکەشی بۆ وشکەساڵی گەڕاندەوە.

ئاژانسی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO) لە راپۆرتێکیدا سەبارەت بە وشکەساڵی و بەرهەمی دانەوێڵەی عێراق رایگەیاند، بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لە عێراق و تەنانەت لە باکووری ئەو وڵاتە (لەوانەش پارێزگای نەینەوا کە بەرهەمهێنێکی سەرەکی گەنمە)، روو لە کەمی دەکات. ئاژانسەکە، هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمی دانەوێڵەشی بۆ وشکەساڵی گەڕاندەوە.

قەبارەی بەرهەمی دانەوێڵە لە عێڕاق بۆ ساڵی 2021 گەیشتە 5.2 ملیۆن تۆن، پێشبینی دەکرێت قەبارەی بەرهەمی دانەوێڵەی عێراق لە 2022 بگاتە 3.4 ملیۆن تۆن، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو لەسەدا 35 دابەزیووە.

راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشدا، هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا ئاستی بەرهەمهێنانی دانەوێڵەیان لە ساڵی 2022دا زیادکردووە، ئێران بە رێژەی 13.5% و تورکیا بە رێژەی %15.3.

عێراق لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەهۆی کەمی بارانبارین و کەمی داهاتی ئاو لە رووبارەکانی دیجلە و فورات تووشی وشکەساڵییەکی گەورە بووە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر ژیانی دانیشتوانی باشووری عێراق بەتایبەتی ئەوانەی تاکە سەرچاوەی داهاتیان لەسەر ئاژەڵدارییە و پشت بە ئاوی زۆنگاوەکان دەبەستن.

Fly Erbil Advertisment