ره‌ئیسی: تاران رێگه‌ به‌ نانه‌وه‌ی ئاشوب نادات

"هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی بكرێت، به‌ توندی وه‌ڵامده‌درێته‌وه‌"

ره‌ئیسی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌كات
ره‌ئیسی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك كۆماری ئێران هۆشداری دایه‌ ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و رایگه‌یاند، تاران رێگه‌ به‌ نانه‌وه‌ی ئاشوب له‌ ناوچه‌كه‌دا نادات.

ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆك كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ گوتارێكی ته‌له‌ڤزیۆنیدا له‌ كرمانشانه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، گه‌لی ئێران رێگه‌ به‌ ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نادات سه‌قامگیری و ئاسایشی ناوچه‌كه‌ تێكبده‌ن.

ره‌ئیسی راشیگه‌یاند، هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی بكرێت، به‌ توندی وه‌ڵامده‌درێته‌وه‌.

پێشتریش جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رایگه‌یاندبوو، وڵاته‌كه‌ی پابەندە بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ئیسرائیل و لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێرانیش، گوتی: تاهەتایە چاوەڕێی ئێران نابین.

جۆ بایدن، لە دووەمین رۆژی سەردانیدا بۆ ئیسرائیل، رێککەوتننامەیەکی ئەمنی لەگەڵ یاییر لاپید، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل واژووکرد.

رێککەوتنامەکە په‌یوه‌ندی بە دۆخی ئەمنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست به‌ گشتیی و رۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا، به‌ تایبه‌تی هه‌یه‌.

بایدن ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، پێویستە رێگە نەدرێ ئێران، رێکخراوە تیرۆریستییەکان پڕچەک بکات.