وه‌زیری داد: توانراوه‌ له‌ رێگەى چاکسازییەوە پتر لە 58 ملیار دینار بۆ خەزێنەى حکومەت بگه‌ڕێته‌وه‌

"تاپۆی نزیكەی 5 ملیۆن مامەڵەی جۆراوجۆر ئەنجامدراوە"

فه‌رسه‌ت ئه‌حمه‌د، وه‌زیری داد
فه‌رسه‌ت ئه‌حمه‌د، وه‌زیری داد

K24- هه‌ولێر:

وه‌زیری دادی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایكرد، لەسەرەتای دەست بەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەته‌كه‌ی دەستی بە چاکسازییەکان کرد، توانراوه‌ له‌ رێگەى چاکسازییەوە پتر لە 58 ملیار دینار بۆ خەزێنەى حکومەت بگه‌ڕێته‌وه‌.

فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتەیەکدا بە بۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەم، رایگەیاند، ''وەزارەتى داد کە لە 225 فەرمانگە و 4.404 فەرمانبەر پێکدێت، لە ساڵی 2021 لە کابینەی نۆیەم توانیویەتی لە رێگەى چاکسازى و رێکخستنى کارى ئیدارییەوە زیاتر لە 58 ملیار دینار بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەى حکومەت.''

وەزیری داد ئاماژەی بەوە كرد، ''لە ئەنجوومەنی شورا چەندین چالاکی یاسایی ئەنجامدراوە، لەوانە 61 پڕۆژە یاسا، 69 رادەربڕین، 25 پەیڕەو و 44 رێنمایی دەرکراوە، و کار لەسەر زیاتر لە 1700 داواى کارگێڕی و دەستەی ئینزباتیی فەرمانبەران کراوە و لە دەستەی سەرپەرشتیاریی دادیش کە پێشتر10 سەرپەرشتیار بوون، لە كابینەی نۆیەم کراون بە14 سەرپەرشتیار.''

وەزیری داد ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، لە داواكاری گشتی و لەم سێ ساڵەدا 1726 سەردان و بەدواداچوون هەبووە و کار لەسەر (75) تانە لە بەرژەوەندیی یاسا کراوە، و 464 دۆسیە یەکلاکراونەتەوە و 1363 سكاڵای داوای مافی گشتی لە دادگاکان جووڵێندراون و بەدواداچوونیش بۆ 1673 كێشەی کۆمەڵایەتی و زیادەرۆیی و سەرپێچی كراوە.

لەبارەی پەیمانگەی دادوەریش وەزیری داد روونیكرده‌وه‌، لەم کابینەیەدا دوو خول بە بەشداریى 120 کەس ئەنجامدراون، تێیدا 47 دادوەر و 12 ئەندامى داواکارى گشتى دامەزراون و لە بوارى تۆماركردنی خانووبەرەدا لەم سێ ساڵەدا هەزار و 877 تۆماری هەمیشەیی بە ئەلیكترۆنی كراون، كە زیاتر لە 750 هەزار مامەڵە لەخۆ دەگرێت، هەروەها سەرجەم تۆمارە كەسییەكان كە ژمارەیان 828 تۆمارە، بە ئەلیکترۆنى کراون. جیا لە 11 فەرمانگەی تۆماركردنی خانووبەرە وێنەی تۆمار (صورە قید) بە ئەلیكترۆنی کراوە، و 55 هەزار کارتى زەوی گۆڕاوە بۆ سەنەد و ئامادەكاری كراوە بۆ تۆماركردنی 190 هەزار یەكەی نیشتەجێی وەبەرهێنان و ڕەزامەندیش دراوە بە  373 نووسینگەی فرۆشتنی خانوو و زەوی. بەمەش تێدەگەین لە ماوەی سێ ساڵی كابینەی نۆیەم، تاپۆ نزیكەی 5 ملیۆن مامەڵەی جۆراوجۆری تێدا ئەنجامدراوە.

فەرسەت ئەحمەد دەڵێت: ''گەورەترین پڕۆسه‌ لە سەرتاسەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەنجامدرابێت، لە فەرمانگە دادییەكان بووە، ئەویش پڕۆسەی بە ئەلیكترۆنیكردنی فەرمانگەكانی دادنووسییەکانە و تا ئێستا لە کۆی 68 فەرمانگە، 57 فەرمانگەیان بەئەلیكترۆنی كراون، بەمەش هەم خزمەتگوزارى گەورە پێشکەشی هاووڵاتیان کراوە و هەمیش لە رووى شێوە و کارکردنەوە سیستەمێکى مۆدێرن و سەردەمیانە خراوەتە بەردەم هاووڵاتیان.''

فەرسەت ئەحمەت راشیگەیاند:''195 ئەندامی داواکاری گشتی لە لیژنەی جیاجیا دانراون بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و لێپرسینەوە لە فەرمانبەرانی سەرپێچیكارو كەمتەرخەم و هەروەها ليژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی سکاڵای هاووڵاتیان و فەرمانبەران لە ڕێگەی سۆشیالمیدیا، ئیمێل، تەلەفۆن، سندوقی سکاڵا دەستبەکاربووە و هەر لەم ماوەیەدا 13 ناوەندى توێژینەوە و تێبینەر ایەتى تۆمارکردنى خانووبەرە و دادگە و بەڕێوەبەرایەتى و بەش و فەرمانگەمان کردووەتەوە بۆ خزمەتگەیاندنى زیاتر بە هاووڵاتیان.''

سه‌رچاوه‌: فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری

Fly Erbil Advertisment