پوتن بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەی لە کارەکەی دوورخستەوە

جێگری سەرۆکی حکومەت جێگەی دەگرێتەوە

ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا و دیمتری رۆگۆزین، رێکەوتی 4ـی ئەیلولی 2021، وێنە: AFP
ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا و دیمتری رۆگۆزین، رێکەوتی 4ـی ئەیلولی 2021، وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ 15ـی تەمووزی 2022، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا بە نووسراوێکی فەرمی دیمتری رۆگۆزین، سەرۆکی دەزگای بۆشایی ئاسمانی وڵاتەکەی لە ئەرکەکەی دوورخستەوە.

بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، لە نووسراوەکەدا فەرمانی دوورخستنەوەی رۆگۆزین لە پۆستی "بەڕێوەبەری گشتی دامەزراوەی بۆشایی ئاسمانی دەوڵەتی - رۆسکۆسمۆس" دراوە.

دیمتری رۆگۆزین
دیمتری رۆگۆزین

ئاماژە بەوەش دراوە، لە شوێنی رۆگۆزین جێگری سەرۆکی حکومەت، یوری بۆریسۆڤ جێگەی دەگرێتەوە، بەڵام ئەوە نەخراوەتەڕوو کە رۆگۆزین پۆستی نوێی پێ دەدرێت یان نا. 

دیمتری رۆگۆزین (58 ساڵ)، سیاسەتمەدارێکی ناسیۆنالیست و لایەنگرێکی سەرسەختی "ئۆپەراسیۆنی رووسیا لە ئۆکرانیا"ـیە و لە سەرەتای دەستپێکی هێرشەکانی رووسیاوە لە 24ـی شوبات تا ئێستا، چەندین لێدوانی هەڕەشە ئامێزی دژی وڵاتانی رۆژائاوا و نەیارانی پوتن داوە. 

لە یەکێك لە لێدوانەکانیدا رۆگۆزین باسی لەوە دەکرد، "رووسیا لە جەنگێکی ئەتۆمیدا تەنها نیو کاتژمێری دەوێت تا وڵاتانی ناتۆ لەناوببات".

جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، یوری بۆریسۆڤ
جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، یوری بۆریسۆڤ
Fly Erbil Advertisment