تۆڕی کارەبای عێراق بە وڵاتانی کەنداو دەبەسترێتەوە

دەستەی بەستنەوەی کارەبای ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو و وەزارەتی کارەبای عێراق رێککەوتن

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

عێراق و سعودیەش رێککەوتنی بەستنەوەی تۆڕی کارەبای وڵاتانی کەنداویان بە تۆڕی کارەبای باشووری عێراق واژۆ کرد. بڕیارە تا کۆتایی مانگی داهاتوو، لە رێگەی ئەو هێڵەوە هەزار و 800 مێگاوات کارەبا بۆ عێراق دابینبکرێ.

ئاژانسی فەرمی سعودیە بڵاویکردەوە، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو لە جەددە، دەستەی بەستنەوەی کارەبای ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو و وەزارەتی کارەبای عێراق، رێککەوتنی بەستنەوەی تۆڕی کارەبای وڵاتانی کەنداویان بە تۆڕی کارەبای باشووری عێراق واژۆ کردووە.

بە گوێرەی رێککەوتنەکە، تۆڕی کارەبای وڵاتانی کەنداو لە رێگەی کوێتەوە بە وێستگەی کارەبای فاو، لە باشووری عێراق دەبەسترێتەوە، لە قۆناغی یەکەمیشدا 500 مێگاوات کارەبا بە ناوچەکانی باشووری عێراق دەدرێت. بڕیاریشە هێڵێکی دیکەی کارەبا بۆ باشووری عێراق دروستبکرێت و لە 24 مانگی داهاتوودا تەواو دەبێت، بە هەردوو هێڵەکەش توانای گواستنەوەی هەزار و 800 مێگاوات کارەبایان بۆ ناوچەکانی باشووری عێراق هەیە.

دوێنێ 15/7/2022، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە مەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەی سعوودیە گەیشتە ریاز و لەلایەن محەمەد بن سەلمان، جێنشینی شای سعوودیە  پێشوازی لێکرا.

لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان، کازمی رایگەیاند: "پەیوەندییەكانمان لەگەڵ سعوودیە زۆر باشە و بەردەوام لە گەشەسەندایە. زۆر شتی هاوبەش لەنێوان عێراق و سعوودیەدا هەیە و رێككەوتنی كارەبا لەگەڵ سعوودیە و کەنداو واژۆ کرا و ئەمەش پێشهاتێکی باشە بۆ عێراق".

سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە جەددە جەختیکردەوە، بەشداریکردنی عێراق لە لوتکەی سعوودیە گرنگە، لەو چوارچێوەیەشدا تاوتوێی زۆرێک لە فایلەکان دەکەن، بەتایبەت بواری ئابووری.

کاتی گەیشتنی مستەفا کازمی بۆ سعوودیە
کاتی گەیشتنی مستەفا کازمی بۆ سعوودیە
Fly Erbil Advertisment