ته‌ندورستی عێراق: 52 كه‌سی دیكه تووشی كۆلێرا بوون
"3 كه‌س به كۆلێرا گیانیان له‌ده‌ستداوه"

K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق رایگه‌یاند، 52 تووشبووی دیكه‌ی كۆلێرا تۆماركراوه و ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆناش له به‌رزبوونه‌وه‌دایه.
سه‌یف به‌در، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق، ئه‌مڕۆ شه‌ممه بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ئاشكرای كرد، "ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا له عێراق له به‌رزبوونه‌وه‌دایه"، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، ئه‌و شه‌پۆڵه په‌تایه به‌راورد به رابردوو زیاتر ته‌شه‌نه ده‌كات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، پابه‌ندبوون به رێنماییه‌كانی خۆپارێزی به‌پێی پێویست نییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌رگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه كه‌متره و لاواز بووه، له‌كاتێكدا ڤاكسین له زۆربه‌ی بنكه ته‌ندروستییه‌كان دابینكراوه.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق روونیكرده‌وه، 52 تووشبووی دیكه‌ی كۆلێرا تۆماركراوه، كۆی تووشبووانی كۆلێرا لە عێراق گه‌یشته 309 حاڵه‌ت، حاڵه‌تێكی دیكه‌ی مردن به كۆلێرا له كه‌ركووك تۆماركراوه و ژماره‌ی مردووان به كۆلێرا تا ئێستا گه‌یشتووته 3 كه‌س، كه دوو حاڵه‌ت له كه‌ركووك و یه‌كێكیش له به‌غدا بووه.
له‌باره‌ی ژماره‌ی تووشبووانی تای خوێنبه‌ربوون، سه‌یف به‌در راشیگه‌یاند، ژماره‌ی تووشبووانی تای خوێنبه‌ربوون له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه تا ئێستا گه‌یشتووه‌ته 246 كه‌س و 40 تووشبووش به نه‌خۆشییه‌كه، گیانیان له‌ده‌ستداوه.