موقته‌دا سه‌در داوای خۆبه‌ركه‌ناركردن له‌ مالكی ده‌كات

موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در

K24 – هه‌ولێر:

دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی تۆماره‌ ده‌نگییه‌كانی نوری مالكی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا، موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، له‌ رێی هه‌ژماری فه‌رمی خۆی له‌ تویته‌ر په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، موقته‌دا سه‌در، سه‌رسووڕمانی خۆی له‌وه‌ ده‌ربڕیوه‌، كه‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌، له‌ كه‌سێكه‌وه‌یه‌، كه‌ نزیكه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی سه‌در و سه‌رۆكی حزبی ده‌عوه‌یه‌، ئه‌ویش نوری مالكییه‌.

سه‌در رایگه‌یاندووه‌، بۆ دامركاندنه‌وه‌ی ئاگری ناكۆكیی، خوازیاره‌ هه‌ریه‌ك له‌ گه‌وره‌ی هاوپه‌یمانه‌كانی مالكی و تانه‌ت هۆزه‌كه‌ی ئیدانه‌ی ئه‌و قسانه‌ی نوری مالكی بكه‌ن.

سه‌در ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، نوری مالكی له‌ تۆماره‌ ده‌نگییه‌كه‌یدا، تۆمه‌تی رشتنی خوێنی هاووڵاتیانی عێراقی خستووه‌ته‌ پاڵیی و هه‌روه‌ها هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی وه‌ك حه‌شدی شه‌عبی به‌ ترسنۆك وه‌سفكردووه‌ و هانی داون بگلێنه‌ شه‌ڕێكی تائیفیی شیعییه‌وه‌.

موقته‌دا سه‌در، له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا به‌ریبوونی خۆی له‌ هه‌ر ره‌فتار و كاردانه‌وه‌یه‌ك له‌ دژی نوری مالكی ده‌ربڕیوه‌ و هۆشداری داوه‌ له‌وه‌ی لایه‌نی سێیه‌م بێته‌ ناو ململانێكه‌وه‌ و ناكۆكییه‌كان ئاڵۆزتر بكات.

سه‌در ئامۆژگاری مالكی كردووه‌، به‌وه‌ی خۆی به‌ركه‌نار بكات و بكشێته‌وه‌ و واز له‌ كاری سیاسی بهێنێت و داوای لێخۆشبوون بكات و خۆی بداته‌ ده‌ست ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رییه‌وه‌ به‌ڵكو ئه‌مه‌ خوایه‌، به‌ تۆبه‌ و په‌شیمانی بۆی بنووسرێت.

رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، جه‌ختی له‌وه‌ش كردووه‌ته‌وه‌، خاوه‌نی ئه‌و بیركردنه‌وه‌ وێرانكه‌ره‌، ناكرێت به‌ هیچ جۆر و شێوه‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی وڵات به‌ڕێوه‌ به‌رێت.