كه‌ی شه‌ڕی ئۆكرانیا- رووسیا كۆتایی دێت؟
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
هه‌زاران سه‌رباز له رووسیا و ئۆكرانیا گیانیان له‌ده‌ستداوه، ملیاره‌ها دۆلار له ئاسنه شكاو و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی به‌فیڕۆچووه، رووسیا رۆژبه‌ڕۆژ ئابووری به‌ره‌و داڕمان ده‌ڕوات له‌به‌رامبه‌ردا به هه‌زاران بیناو باڵاخانه له ئۆكرانیا وێران بوون، نزیكه‌ی پێنج مانگه شه‌ڕ به‌رده‌وامه، به‌ڵام ده‌رباره‌ی وه‌ستاندنی شه‌ڕ بۆچوونی جیاواز هه‌یه.
جه‌نه‌راڵ یانس سترلتنبێرگ سكرتێری گشتی ناتۆ، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر هۆشداریدا له‌وه‌ی كه ده‌كرێت ساڵانێك شه‌ڕ به‌رده‌وام بێت، له‌كاتێكدا ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كانی رۆژئاوا پێیانوایه ئه‌گه‌ری ئه‌وه زۆره رووسیا له چه‌ند مانگی داهاتوودا توانای شه‌ڕكردنی كه‌مبێته‌وه.
هه‌رچه‌نده چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر جێمس ستاڤێریدیس فه‌رمانده‌ی پێشووی هاوپه‌یمانی ناتۆ له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ رادیۆی رایگه‌یاند WABC له‌گه‌ڵ جۆن كاتسیماتیدیس بازرگانی نیۆیۆرك باسی دۆخی جه‌نگ-یان كرد و تێیدا ئه‌وه‌یان خسته‌ڕوو كه دۆخی جه‌نگ لای هه‌ردوو چه‌قیوو و وه‌ستاوه، بۆیه ستاڤێریدیس وتی: "ئه‌گه‌ری زۆره شه‌ڕ بۆ 6 مانگی تر به‌رده‌وام بێت و ململانێیه‌كی به‌ستووی وه‌ك جه‌نگی كۆریا له‌نێوانیاندا دروستببێت".
كیریلۆ بۆدانۆڤ سه‌رۆكی به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگری له وه‌زاره‌تی به‌رگری ئۆكرانیا له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی RBC-Okrain پێشبینی بۆ كۆتایی هاتنی شه‌ڕده‌كات له كۆتایی ئه‌مساڵدا كاتێك ئۆكرانیا ده‌گاته‌وه سنووره‌كانی 1991، "گه‌یشتنه‌وه به سنووره‌كانی 1991 كۆتایی به‌هه‌موو ئه‌م كوشتاره دێت كه رووسیا ئه‌نجامی داوه" وه‌های وت.
بۆدانۆڤ پێیوایه ره‌نگه هه‌ر له سه‌ره‌تای 2023 ئه‌مه رووبدات، چونكه ده‌كرێت له مانگی ئاب (ئۆگه‌ستی 2022) ه‌وه ئه‌نجامی ئه‌و خاڵی وه‌رچه‌رخانه به‌دیبكه‌ین و تا كۆتایی ساڵ شه‌ڕی سه‌خت رووده‌دات.
رووسیا سه‌رنجی خۆی بۆ شه‌ڕ له چه‌ند به‌ره‌یه‌كی شه‌ڕه‌وه گواسته‌وه بۆ خۆرهه‌ڵاتی ئۆكرانیا، چونكه شكستیهێنا له كۆنترۆڵكردنی (كێڤ)ی پایته‌ختی ئۆكرانیا.
به‌پێی راپۆرتێكی ئه‌ی بی سی نیوز، رووسیا ئێستا تاڕاده‌یه‌ك ته‌واوی شاره‌كانی لۆهانسكی داگیركردووه و ده‌یه‌وێت به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت پارێزگای دۆنێسك-یش داگیربكات كه هه‌رێكی دۆنباس له خۆرهه‌ڵاتی ئۆكرانیا پێكده‌هێنن.
دونباس كه له هه‌ردوو ناوچه‌ی هه‌رێمی دۆنیسك و لۆهانسك-ی خۆرهه‌ڵانی ئۆكرانیا پێكدێت ماوه‌ی 4 ساڵ (2014-2018) شوێنی ململانێی نێوان سوپای ئۆكرانیا و چه‌كداره جوداخوازه‌كانی ئۆكرانیا بووه كه به پرۆ- رووسه‌كان ناسراون، به‌شی زۆری دانیشتوانی ناوچه به رووسی ده‌دوێن، له‌رێگه‌ی رووسیاوه له دوای 2014 ه‌وه هانده‌درێن و هێزێكی یاخی پڕچهكدهكرێن دژی حكومه‌تی ئۆكرانیا.
رووسیا هیواخوازه كۆنترۆڵی هه‌رێمی دۆنباس-ی خۆرهه‌ڵاتی ئۆكرانیا بكات وه‌ك ناوچه‌ی نیوه‌دورگه‌ی (كرامییه-قرم) كه له ساڵی 2014 داگیری كرد و خسته‌سه‌ر رووسیا كه له‌ساڵی 2014 داگیری كرد‌و خستییه سه‌ر رووسیا به‌ڵام له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه به ناوچه‌ی داگیركراو ناسراوه.
ڤلادیمێر پوتن سه‌رۆكی رووسیا ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌گه‌شته‌كه‌ی رۆژی 19ی تهمموز (یۆلیۆی 2022) بۆ ئیران، وتی: "هیچ سوودێكی نییه له دیاریكردنی واده‌ی كۆتاییهێنانی جه‌نگ، ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی تایبه‌ت له ئۆكرانیا كۆتایی نه‌هاتووه چونكه ئازادكردنی دۆنباس كۆتایی نه‌هاتووه".
له‌به‌رامبه‌ردا رۆژی 14ی تهمموز ڤۆلۆدیمیر زێلینسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا رایگه‌یاند كه بیر له واژۆكردنی رێكه‌وتنی ئاشتی له‌گه‌ڵ رووسیا ناكه‌نه‌وه به‌هۆی هێرشه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی هێزه‌كانی رووسیا كه بووه هۆی داگیركردنی به‌شێكی زۆری خۆرهه‌ڵاتی ئۆكرانیا.
كۆنستنتینۆس لۆكۆ پۆڵس فه‌رمانده‌ی پێشووی یۆنانی له ناتۆ پێیوایه دوای شكستهێنان له چوونه ناو كێڤ، داڕشتنه‌وه‌ی ستراتیژی شه‌ڕ له‌لایه‌ن رووسیاوه، كێشكردنی شه‌ڕ به‌ره‌و خۆرهه‌ڵاتی ئۆكرانیا، سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كانی رووسیا بڕیاریانداوه به هێواشی هه‌نگاوبنێن به‌ڵام به‌تووندی له هێزه‌كانی ئۆكرانیا بده‌ن.
به‌ڵام جێمس ستاڤێریدیس فه‌رمانده‌ی پێشووی هاوپه‌یمانی ناتۆ له قسه‌كانیدا له رادیۆی رایگه‌یاند WABC پێداگری له‌وه‌ده‌كات كه ئۆكرانییه‌كان شه‌ڕێكی زۆر به‌هێز ده‌كه‌ن، پلانه‌كانی جه‌نگی ڤلادیمێر پوتن سه‌لماندوویانه كه كاریگهرنین، ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌مێك خاكی به‌ده‌ستهێنابێت، له‌به‌رامبه‌ر قوربانی زۆر بووه، واشدهبینم كه جه‌نگه‌كه هاوشێویه جه‌نگی كۆریا به‌ره‌و كۆتایی ده‌ڕوات كه ئه‌ویش ئاگربه‌ست، ناوچه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌نێوان هه‌ردوولا، دوژمنایه‌تی به‌رده‌وام و جۆرێك له ململانێی به‌ستوو، "4 بۆ 6 مانگی دیكه هیچ لایه‌نێكیان ناتوانن له‌وه زیاتر به‌رده‌وام بن له‌شه‌ڕكردن" ئه‌و وه‌های وت.
شه‌ڕی كۆریا له‌نێوان ساڵانی 1950-1953 له‌نێوان كۆریای باكور و باشور به‌رده‌وامبوو، یه‌كێتی سۆڤییه‌ت هاوكاری كۆریای باكوری ده‌كرد و ئه‌مه‌ریكاش هاوكاری كۆریای باشوور تا دواجار له ته‌مموزی 1953 به ئاگربه‌ستی نێوان هه‌ردوولا كۆتایی هات و به‌هۆیه‌وه ناوچه‌یه‌كی داماڵراو له سه‌ربازی له‌نێوان هه‌ردوولا دروستكرا.