جارێکی دیکە بۆری ئاوی ئیفراز سێ شکا

لەم مانگەدا ئەمە سێیەم جارە دەشکێت

بۆری ئاوی ئیفراز 3ی هەولێر
بۆری ئاوی ئیفراز 3ی هەولێر

K24 – هەولێر

جارێکی دیکە بۆری ئاوی ئیفراز سێ-ی هەولێر شکا، کە ئاوی بەشی زۆری گەڕەکەکانی هەولێر دابین دەکات.

هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند: "ئەمڕۆ جارێکی دیکە بۆری ئاوی ئیفراز 3ی هەولێر شکا".

پەیامنێرمان راشیگەیاند: "لەم مانگەدا ئەمە سێیەم جارە بۆری ئاوی ئیفراز سێ دەشکێت".

بۆری ئاوی ئیفراز3 ئاوی زۆربەی هەولێر دابەش دەکات، تائێستا زیاتر لە 25 جار ئەو بۆریە شكاوە، ھەر جارەش بۆ چاككردنەوە 20 ھەزار دۆلار زیاتر تێچووەكەیەتی،  بۆ ئەوەی چارەسەری بنەرەتی بۆ ئەو كێشەیە بكرێت بڕیاری گۆڕینی بۆریەکە دراوە.

پێشتر ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو ئاوەڕۆی ھەرێمی كوردستان بە کوردستان 24ی راگەیاندبوو: "لەسەر رەزامەندی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان  21 ملیار دینار بۆ گۆڕینی بۆری ئاوی ئیفراز 3ی هەولێر تەرخانکراوە و قۆناغ بە قۆناغ پارەكەی بۆ خەرج دەكرێت".

پڕۆژه‌ی ئاوی ئیفراز 3، لە ساڵی 2007 دروستکراوە، رۆژانە نزیکەی 240 ملیۆن لیتر ئاو دابین دەکات، بۆرییەکانی لە جۆر (GRP)ـيه‌، کە یەکێكه‌ لە سەختترین جۆره‌كانی بۆری بۆ چاککردنەوە، هاوكات به‌ هۆی خراپی كوالێتییه‌كه‌ی، به‌ هۆی ساده‌ترین زه‌بری ده‌ره‌كییه‌وه‌ ده‌شكێت.

Fly Erbil Advertisment