23 حاجی کوردستان لە ئوردن گیریان خواردووە

دەستبەسەر پاسپۆرتەکانیان داگیراوە

ژمارەیەک حاجی کوردستان لە سعوودیە
ژمارەیەک حاجی کوردستان لە سعوودیە

K24 – هەولێر

23 حاجی هەرێمی کوردستان سێ رۆژە لە وڵاتی ئوردن گیریان خواردووە و پاسپۆرتەکانیشیان لە فڕۆکەخانە دەستی بەسەردا گیراوە.

یەکێک لەو حاجیانە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئێمە 23 حاجین ماوەی سێ رۆژە بە مەبەستی گەڕانەوە هاتووینەتە ئوردن، چونکە لێرە ترانزێتمان هەبوو، بەڵام ئێستا دەڵێن هەندێک لە سەرنشینان تووشی کۆرۆنا بوون و سەرنشین بۆ گەشتەکە تەواو نییە، بۆیە ئێمە لێرە گیرمان خواردووە".

گوتیشی: "پاسپۆرتەکانمان لەلایەن فڕۆکەخانە دەستی بەسەردا گیراوە، نوسراوێکی بچووکیان پێداوین و رەوانەی هۆتێلێکیان کردوین، لە دۆخێکی خراپداین، چونکە ئێمە لەناو هۆتێل ناتوانین بێینە دەرەوە و بۆ ئەوە گەڕاینەوە کە لەکاتی خۆیدا بگەینەوە ناو ماڵ و منداڵی خۆمان، بۆیە داوا لە حەملدارەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین چارەسەرێکمان بۆ بدۆزنەوە".

ئاماژەی بەوەشدا: "راستە سێ ژەم خواردنمان پێدەدرێت، بەڵام مامەڵەیان لەگەڵمان خراپە، پێمان دەڵێن بڕۆن لە رێگەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەتان کێشەی خۆتان چارەسەر بکەن".

ئەو حاجیە ئەوەشی خستەڕوو: "هەر 23 حاجیەکە خەڵکی پارێزگای هەولێرین و چاوەڕێی کێشەکەمان چارەسەر بکرێت و بگەڕێینەوە هەولێر".

کوردستان24 بە دواداچوونی بۆ ئەو کێشەیە کرد و زانیاری ئەوەی دەستکەوتووە کە کێشەی تەنکیکی لە کۆمپانیای فڕۆکەوانی هەیە.

Fly Erbil Advertisment