پەرلەمانی کوردستان بە توندی ئیدانەی تۆپبارانی سەیرانگای پەرخی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەکات
K24 – ههولێر:
پهرلهمانی كوردستان له راگهیهندراوێكدا ئیدانهی تۆپبارانی سهیرانگهی پهرخی سنووری زاخۆی كرد و رایگهیاند، پێویستە تورکیا و پەکەکە بەڵای شەڕ و ململانێیەکانیان لە خاکی ھەرێمی کوردستان دووربخەنەوە و خەڵكی ھەرێمی کوردستان و سەروەری ھەرێم لە کێشە و ناکۆکییەکانیان دوور بخەنەوە.
دهقی راگهیهندراوهكه
بە داخەوە جارێکی دیکە بە ھۆی لێکەوتەکانی بەردەوامی شەڕو پێکدادانەکانی تورکیا و پەکەکە لە ناوچە سنورییەکان، بە ھۆی تۆپبارانی سوپای تورکیاوە بۆ سەر ھاوینەھەواری پەرخی سنوری دەرکار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ژمارەیەک ھاووڵاتی شەھید بوون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
پەرلەمانی کوردستان وێڕای بە توندی ئیدانەکردنی ئەم تۆپبارانەی سوپای تورکیا، داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین بە پێی یاسا و عورفی نێودەوڵەتی بە ئەرکی یاسایی و دەستوری خۆی ھەستێ و سەروەری ئاسمان وخاکی ھەرێمی کوردستان وەک ھەرێمێکی فیدراڵ لە چوارچێوەی عێراقدا لە دەستدرێژییە بەردەوامەکانی وڵاتانی دەوروبەرو ھێزە لەیاسا دەرچووەکان بپارێزێت و ھەموو ھەنگاوێکی یاسایی و دیپلۆماسی بگرێتە بەر بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەم پەلامارانە.
پێویستە تورکیا و پەکەکە بەڵای شەڕ و ململانێیەکانیان لە خاکی ھەرێمی کوردستان دووربخەنەوە و خەڵکی ھەرێمی کوردستان و سەروەری ھەرێم لە کێشە و ناکۆکییەکانیان دوور بخەنەوە.
داوا لە دامەزراوە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەین ھەموو ھەوڵەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بخاتە گەڕ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری یەکجارەکی و دڵنیاکردنەوەی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و عێراق کە پەلامار و ھێرشەکانی وڵاتانی دەوروبەرو ھێزە لەیاسادەرچووەکان پارێزراو دەبن.
پرسەو سەرەخۆشی پەرلەمانی کوردستان ئاراستەی خزمو کەسوکاری ئەو ھاووڵاتییە گەشتیارانە دەکەین کە لە ناوچە جیاجیاکانی عێراقەوە ھاتبوونە ناوچە دڵڕفێنەکانی کوردستان بەڵام بە داخەوە بوونه قوربانی شەڕ و ناکۆکیەک کە ھیچ پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستان و عێراقەوە نیە.
لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمانی کوردستان رادەسپێرین بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم رووداوە نەخوازراوە بکەن و رێککاری پەرلەمانی بگرنە بەر.
پەرلەمانی کوردستان