تەرمی گەشتیارانی گوندی پەرەخ بەرەو زێدی خۆیان بەڕێدەکرێن
بەهۆی تۆپبارانی تورکیا 9 گەشتیار لە سنووری زاخۆ گیانیان لەدەستدا
K24 – هەولێر
تەرمی ئەو گەشتیارانەی لە گوندی پەرەخ بەهۆی تۆپبارانی تورکیا گیانیان لەدەستدا، لە دهۆکەوە بەرەو هەولێر بەڕێدەکرێن و دواتر دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان.
ماهیر شنگالی پەیامنێری کوردستان24 لە دهۆک رایگەیاند: "ئەمڕۆ تەرمی ئەو 9 هاووڵاتییەی لە ناوچەیەکی گەشتیاری سنووری زاخۆ بەهۆی تۆپبارانی تورکیا گیانیان لەدەستدا، لە دهۆکەوە رەوانەی هەولێر دەکرێنەوە و دواتر لەرێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بەرەو بەغدا بەڕێدەکرێن".
گوتیشی: "تەرمی گەشتیارەکان لە پزیشیکی دادی دهۆک، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی پارێزگاری دهۆک و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکە رەوانەی هەولێر دەکرێنەوە و بڕیاریشە کاتژمێر 10ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە هەولێرەوە بەرەو بەغدا بەڕێبکرێن".
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بە کوردستان24ی راگەیاند: "بە توندی ئیدانەی ئەو تۆپبارانەی تورکیا دەکەین کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی 9 هاووڵاتی و برینداربوونی 23 کەسی دیکە، جارێکی دیکە داوا دەکەین شەڕی تورکیا و پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دووربخرێتەوە".
پارێزگاری دهۆک راشیگەیاند: "دوای رووداوەکە لە دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، چارەسەری پێویست بۆ بریندارەکان کراوە. شەوی رابردوو هەر یەک لە وەزیری دەرەوە و سەرۆک ئەرکانی عێراق و سکرتێری تایبەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتنە دهۆک، ئەمڕۆش تەرمی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە رەوانەی هەولێر دەکەین و لەوێشەوە بۆ بەغدا".
عەلی تەتەر، گوتیشی: "ئەو رووداوە بۆ خەڵکی دهۆک و هەرێمی کوردستان بە گشتی زۆر ناخۆش بوو، چونکە ئەو گەشتیارانە میوانی ئێمە بوون، بۆیە ئێمە لە هەموو کەس غەمگینترین".
دوێنێ 20/7/2022، بەهۆی تۆپبارانی توکیا لە ناوچەیەکی گەشتیاری گوندی پەرەخ-ی ناحیەی دەرکار-ی سنووری زاخۆ، 9 گەشتیار شەهید بوون و زیاتر لە 20 کەسی دیکەش برینداربوون.