بەڕێوەبەری CIA: رووسیا لە ئۆکرانیا 60 هەزار قوربانی داوە
"هێزەکانی ئۆکرانیاش زیانیان بەرکەوتووە"

K24 - هەولێر:
بەرپرسێکی باڵای دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا زیانە گیانییەکانی سوپای رووسیا لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا بە نزیکەی 60 هەزار قوربانی دەخەمڵێنێت.
بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی " Washington examiner"، ویلیام بێرنز، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا لە مەکۆی ئاسایشی ئاسپێن لەبارەی زیانەکانی سوپای رووسیاوە باسی لەوە کردووە، "خەمڵاندنەکان هەمیشە لە مەودایەکدان، هیچ کاتێك ژمارەیەکی تەواو نییە".
سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی سوپای رووسیا، بێرنز گوتی: "پێموایە دوایین خەمڵاندنەکانی هەواڵگری ئەمریکا دەکاتە شتێک لە دەوروبەری 15 هەزار کوژراو و نزیکەی 45 هەزار بریندار، وەك دەردەکەوێت رووسیا زیانێکی گیانی بەرچاوی کردووە".
"هێزەکانی ئۆکرانیاش زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام رەنگە ژمارەکە کەمتر بێت لەوەی رووسیەکان" بێرنز وەهای وت.
ناکۆکیەکانی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا لەگەڵ هەوڵەکانی ئۆکرانیا بۆ چوونە نێو هاوپەیمانێتی ناتۆوە دووبارە سەریان هەڵدایەوە، تا کار گەیشتە ئەوەی لە 24 شوبات هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەستیپێکرد و نزیکەی پێنج مانگە شەڕ و پێکدادانەکان لە خاکی ئۆکرانیا بەردەوامییان هەیە.