هادی عامری داوای دەکات سنوورەکان بەڕووی تورکیا دابخرێن

"کاری کۆمپانیاکانی تورکیا لە عێراق رابگرێت"

هادی عامری
هادی عامری

K24 - هەولێر

هادی عامری، داوا لە حکومەتی عێراق دەکات سنوورەکانی بەڕووی تورکیا دابخات و کاری کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتەش رابگرێت.

هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لە پەیامێکدا بە توندی تۆپبارانەکەی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەیەکی گەشتیاری لە زاخۆ سەرکۆنە کرد و هێرشەکەی بە درێژکراوەی دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر عێراق داناوە، کە بەهۆیانەوە هاووڵاتیان دەبنە قوربانی.

عامری داواشی کردووە "تەنیا بە دەرکردنی راگەیاندراوە سەرکۆنەی هێرشەکانی تورکیا نەکرێت، پێویستە بە هەڵوێستێکی نیشتمانی پارێزگاری لە سەروەری وڵات و گیانی عێراقییەکان لە هێرشەکانی تورکیا بکرێت".

سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، لە پەیامەکەیدا داواشی لە حکومەتی عێراق کردووە، دەستبەجێ سنوورەکانی بەرووی تورکیا دابخات و کاری کۆمپانیاکانیش لە وڵات رابگرێت.

عامری، هۆشداریشی بە حکومەتی عێراق داوە لە کەمتەرخەمیکردن لە گرتنەبەری رێکارەکان لە دژی تورکیا.