پرۆسەی سیاسی عێراق؛ لە بنبەستەوە بۆ بنبەستێکی دیکە
K24 – هەولێر
ئەمە رەنگە چارەنووسی عێراقێک بێت کە بە زۆرەملی پێکەوەلێکێندراوە، لە بنبەستەوە بۆ بنەستێکی دیکە. چەقبەستوویی ئەمجارەی ناو ماڵی شیعە، زۆر لەوانی پێشتر بەهێزترە، بەڵام دیسان چوارچێوەی هەماهەنگی هەر بیر لە هەناردەکردنی کێشەکانی دەکاتەوە.
کشانەوەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسی، نەبووە هۆی خێراتربوونی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق. ئێستا چەقبەستوویی، ناو چوارچێوەی هەماهەنگیشی گرتووەتەوە.
بڵاوبوونەوەی شەش تۆماری دەنگیی کە گوایە دەنگی نووری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسایە، گۆمی سیاسی عێراقی زیاتر شڵەقاند. مالیکی لە تۆمارەکانی پێشوودا هێرشی کردە سەر موقتەدا سەدر و لە دوایین تۆماری دەنگیشدا، هێرشی کردووەتەوە سەر حزبی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محمەمەد حەلبووسی سەرۆکی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
مالیکی لە تۆمارە دەنگییەکەدا، دەڵێ، "بەعسییەکان لە ژێر ناوی حزبی تەقەدوم، بە شێوەیەکی مەترسیدار چوونەتە قووڵایی دەستەڵات و دەبێت رایانبگرین."
پێگەی مالیکی و ناکۆکییەکانی لەگەڵ سەدر
لە دادگای بەغدا بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی عێراق"، سکاڵا لەسەر نووری مالیکی تۆمار کراوە و موقتەدا سەدریش، بڕیاری لێکۆڵینەوەی بۆ سەلماندنی راستییەکان داوە، بە تایبەت لەوە بکۆڵدرێتەوە کە ئایا ئەوە دەنگی نووری مالیکییە یان نا، چونکە مالیکی رەتیکردووەتەوە کە ئەمە دەنگی ئەو بێت.
ئەو تۆمارە دەنگییانە دۆخی سیاسی عێراقیان بە تەواوی شێواندووە، بەتایبەت کە خراوەتە پاڵ مالیکییەوە.
هادی جلومەرعی، سەرۆکی سەنتەری ئازادیی رۆژنامەگەری، پێیوایە گرنگیی نووری مالیکی لە گۆڕەپانەکەدا وایکردووە، تەو تۆمارە دەنگییانە دەنگدانەوەی زیاتری هەبێت.
ئەو بە کوردستان24 دەڵێت: تۆمارەکان چەندین رەهەند و لێکەوتەی دیکەشی هەیە، چونکە پێشتر لەگەڵ موقتەدا سەدر ناکۆکییان هەبووە و ئەمەش کاردانەوەی زیاتری لە لایەن سەدرییەکانەوە لێکەوتووەتەوە.
هاوکات سلاح بوشی، سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی، پێشنیار دەکات کە لایەنەکان جارێکی دیکە چاو بە قۆناخی ئێستای سیاسی خۆیاندا بخشێننەوە.
بوشی بە کوردستان24 دەڵێت: دەبێت پێش لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەو دەنگانە بگیرێت. بۆ ئەوەی کاریگەری خراپ لە پرۆسەی سیاسی و لەیەکتێگەیشتنەکان دروست نەکات، چونکە قۆناغەکە هەستیارە، دەبێت لایەنەکان هەوڵ بدەن بەسەر بەربەستەکاندا زاڵ بن.
هەناردەکردنی کێشەکان
سەرەڕای هەموو ئەو کێشانەی لە ناو ماڵی شیعەدا هەیە، ئەوان نکۆڵی لەوە دەکەن کە لە پێکهێنانی حکومەتی نوێدا شکستیان هێنابێت و هەر بۆیە دەیانەوێت بە هەناردەکردنی کێشەکانیان، لایەنی دیکە بە پەکخستنی پرۆسەکە تۆمەتبار بکەن.
چوارچیوەی هەماهەنگی کە بەتەواوی پەرتەوازەبووە، لایەنە کوردییەکان بەوە تۆمەتبار دەکات کە رێکنەکەوتنیان لەسەر پرسی کاندیدی سەرۆک کۆمار، پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقی تووشی کێشە کردووە.
لاوەند جەلال ئاغا، راوێژکاری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، ئەو تۆمەتەی چوارچێوەی هەماهەنگی بە تەواوی رەت دەکاتەوە.
ئەو بە کوردستان24 دەڵێت: کورد رێکبکەون یان نا، شیعەکان ناتوانن رێکبکەون. واز لە ناو ماڵی شیعە بێنین، خۆ تەنانەت چوارچێوەی هەماهەنگیش تا ئێستا نەیانتوانیوە رێکبکەون.
لاوەند جەلال ئاغا هەروەها گوتی: شیعەکان تەنانەت حەز ناکەن کورد لەسەر کاندیدی هاوبەشیان بۆ پۆستی سەرک کۆمار رێکبکەون.