لیژنەی باڵای ئەمنی لەبارەی هەڵمەتی دەستبەسەردا گرتنی چەکی بێ مۆڵەت کۆدەبێتەوە
کۆبوونەوەکە بەسەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ بەڕێوەدەچێت

K24 – هەولێر
لیژنەی باڵای ئەمنی هەرێمی کوردستان، بۆ تاوتوێکردنی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی دەستبەسەردا گرتنی چەکی بێ مۆڵەت و داخستنی شوێنی چەک فرۆشتن لە کۆبوونەوەدایە.
رێناس عەلی، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر رایگەیاند: "ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئەمنییە کە بۆ دەستبەسەردا گرتنی چەکی بێ مۆڵەت لە هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە، کۆبوونەوەکە بەسەرپەرشتی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ بەڕێوەدەچێت و تێیدا باس لە بەڕێوەچوونی هەڵمەتی دەستبەسەردا گرتنی چەکی بێ مۆڵەت دەکرێت کە لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە".
گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی دەکرێت، جێبەجێکردنی یاسای چەک لە هەرێمی کوردستان، رووداوەکانی کوشتن بە چەک، کە لە داهاتوودا بە چ شێوازێک هەڵمەتەکە بەردەوام بێت، دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ وەرگرتنەوەی چەک لەو کەسانەی چەکی بە مۆڵەتیان پێیە و ئەرکیان هەیە بەتایبەتی لە دەزگا ئەمنییەکان، کە چۆن چەک نەبەنەوە ماڵەوە، رادەستکردنەوەی چەک لەلایەن هاووڵاتییان".
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حوکمەتی هەرێمی کوردستان لە 30/6/2022، وەزارەتی ناوخۆی راسپارد، هەرچی شوێنی چەک فرۆشتن هەیە دابخرێن و هەرچی چەکی بێ مۆڵەتە دەستی بە سەردا بگرن، بۆ ئەوەی چیتر نەبنە ھەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵک. هەمان رۆژ وەزارەتی ناوخۆ لە هەموو شار و شارۆچکەکان هەڵمەتی داخستنی شوێنی چەک فرۆشتن و دەستبەسەردا گرتنی چەکی بێ مۆڵەتی دەستپێکرد.

