چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی دیاریکرد
K24 - هه‌ولێر:
چوارچێوەی هەماهەنگی، محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کاندیدکرد.
لەدوای کشانەوەی سەدرییه‌كان لە هەریەک لە (ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق)، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، کە لە زۆرینەی لایەنە شیعەکانی عێراق پێکهاتوون، هەوڵەکانیان چڕکردەوە و بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران، بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی تایبەتی کوردستان 24، محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆسته‌كه یەکلایی کراوەتەوە.
هەروەها چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، له راگه‌یه‌ندراوێكدا كاندیدكردنی محه‌مه‌د شیاع سوودانی پشتڕاستكرده‌وه و رایگه‌یاند، سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به كه‌شێكی ئه‌رێنییه‌وه و به كۆی ده‌نگ سوودانییان بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران كاندیدكرد.
پێشتر ناوی هەر یەک لە (نووری مالیکی، قاسم ئەعرەجی، محەمەد شیاع سوودانی و عەلی شوکری) دەهێنرا بۆ ئەوەی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرای عێراق کاندیدبکرێن، بەڵام لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە رێگەی لیژنەیەکەوە کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران یەکلایی کردەوە.
محەمەد شیاع سوودانی کێیە؟
- ساڵی 1970 لە بەغدا لەدایکبووە.
- بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستی کشتوکاڵ و بڕوانامەی ماستەری لە بەڕێوەبردنی پرۆژەدا هەیە.
- لە ساڵانی 2010 بۆ 2014 وەزیری مافی مرۆڤی عێراق بووە.
- لە ساڵانی 2014 بۆ 2017 وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بووە.
- ساڵی 2018 بووە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.