لاڤرۆڤ: ئەوروپا ملکەچی ئەمەریکا بووە

"ملکەچبوونی بۆ ئەمریکا، زیانی بەرچاو بە ئابووری ئەوروپا دەگەیەنێت"

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا

K24 - هەولێر:

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا سەبارەت بە دۆخی ئۆکرانیا و سزاکانی رۆژئاوا دەڵێت، "یەکێتی ئەوروپا لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆی، خواست ئیرادەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جێبەجێ دەکات".

لاڤرۆڤ لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کۆنگۆ، گوتی: "پێموایە لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر رۆژێکدا ئەو بابەتە زیاتر روون دەبێتەوە، کە ئەوروپا ملکەچی ئەمەریکا بووە و ویست و ئیرادەی واشنتن جێبەجێ دەکات، ئەمەش زیانی بەرچاو بە ئابووریەکەی دەگەیەنێت".

لاڤرۆڤ سەبارەت بە کۆبوونەوەی لەگەڵ کریستۆف لوتوندولا، وەزیری دەرەوەی کۆنگۆ، ئاماژەی بەوەدا، "هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی پەیوەندییە بازرگانی، ئابووری و وەبەرهێنانەکانمان پشت بەو ئاژاوەیە نەبەستێت کە رۆژئاوا لە ئابووری جیهانیدا رێکیدەخات".

له‌ 24ی شوبات/ فێبرایه‌تی 2022 سوپای رووسیا هێرشیكرده‌ سه‌ر ئۆكرانیا، دواتر ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا چەندین سزای جۆراوجۆریان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند، هەروەها جموجۆڵی بازرگانی له‌ ئۆكرانیا به‌ ته‌واوه‌تی وه‌ستا و به‌هۆی ئه‌و جه‌نگه‌وه‌ كیێڤ نه‌یتوانی به‌نده‌ره‌كانی خۆی بۆ هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ی وڵاته‌كه‌ی به‌كاربهێنێت.

هاوکات هەر لەدوای هێرشەکانی رووسیاوە رۆژانە نرخی وزە و خۆراك لە بەرزبوونەوەدایە، بەتایبەتی لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.

Fly Erbil Advertisment