به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆ رێنمایی دووباره‌ پشكنینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌ ده‌رنه‌چووه‌كان ده‌خاته‌ڕوو

"لە رۆژانی شەممە 300 ئۆتۆمبێل پشکنینی بۆ ئەنجام ده‌درێت"

پشکنینی ئۆتۆمبێل لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر.. ئه‌رشیڤ
پشکنینی ئۆتۆمبێل لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر.. ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی هه‌ولێر رایگه‌یاند، ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی پێشتر له‌ پشكنین ده‌رنه‌چووبوو، به‌ بڕیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی دووباره‌ له‌ سه‌نته‌ره‌كانی پشكنینی (PVI)، به‌ گوێره‌ی رێنماییه‌كان پشكنینیان بۆ ده‌كرێت.

هاتووچۆی هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، عەمیدی ماف "دیدار عومه‌ر قادر"، بەڕێوەبەری هاتووچۆی هەولێر له‌گه‌ڵ ئەفسەر و بەرپرسانی لیژنەکانی پشکنین و نوێنەرانی سەنتەرەکانی پشکنینی (PVI) کۆبووه‌ته‌وه‌ و هه‌رسێ سه‌نته‌ركانی پشكنینی ئۆتۆمبێلی راسپاردووه‌ ئاسانكاری بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ بكه‌ن، کە تایبەتە بەتۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە کێشەدارەکان لە رووی مەرجی سەلامەتی.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، له‌ رۆژی شەممەی داهاتووه‌وه‌ 30ی ته‌ممووزی 2022 لەهەر سێ سەنتەری پشکنین (32ی پارک، گوێڕ و کەسنەزان) دووبارە پشکنینەوە بۆ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ بكرێت، کە پێشتر پشکنینیان بۆ ئەنجامدرابوو و دەرنەچووبوون، بۆ ئەوەی قەرەبالغیش دروست نەبێت؛ هەر یەک لەو سەنتەرانە، لە رۆژانی شەممە 300 ئۆتۆمبێل پشکنینی بۆ ئەنجام بدرێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی هاتووچۆی هه‌ولێردا هاتووه‌: پێشوەختە لە راگەیاندنەکانەوە لیستی ئەو ئۆتۆمبێلانە دیاری دەکرێن و رۆژی سەردانیان و شوێنەکەیان بۆدیاری دەکرێت، كه‌ سەردانیکردنی سەنتەرەکان بەپێی سیستەم دەبێت، هەر ئۆتۆمبێلێک لەکات و شوێنی دیاریکراوی خۆی سەردان نەکات؛ پشکنینەکەی بۆ ئەنجام نادرێت.

456546

روونیشكراوه‌ته‌وه‌، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە سەنتەری پشکنینی (32ی پارک) پشکنینی دووبارەیان بۆ دەکرێتەوە، دەبێت رۆژی یەکشەممەی دواتر لە کاتژمێر (2)ی دوای نیوەڕۆ بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلەکانیان سەردانی هاتووچۆی هەولێر بکەن. ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە سەنتەری پشکنینی ( کەسنەزان) پشکنینی دوبارەیان بۆدەکرێتەوە، دەبێت بۆ رۆژی دووشەممەی دواتر لە کاتژمێر (2)ی دوای نیوەڕۆ بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلەکانیان سەردانی هاتووچۆی هەولێر بکەن.

روونیشكراوه‌ته‌وه‌، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە سەنتەری پشکنینی (گوێڕ) پشکنینی دوبارەیان بۆدەکرێتەوە، دەبێت بۆ رۆژی سێشەممەی دواتر لە کاتژمێر (2)ی پاشنیوەڕۆ بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلەکانیان سەردانی هاتووچۆی هەولێر بکەن.

هاتووچۆی هه‌ولێر جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، هەر ئۆتۆمبێلێک شوێنی خۆی و رێكه‌وتی سەردانیکردنی خۆی بۆ دیاریدەکرێت، دەبێت لەو رێكه‌وته‌ سەردان بکات؛ ئەگەرنا دوادەخرێت تا کۆتایی پرۆسەکە.

 

Fly Erbil Advertisment