له‌باره‌ی تایوانه‌وه‌ چین هۆشداری ده‌داته‌ واشنتن

"گرنگ ئه‌وه‌یه‌ پاڵپشتی واشنتن بۆ تایوان نیشان بده‌ین"

سه‌ربازێكی تایوانی / وێنه‌: AFP
سه‌ربازێكی تایوانی / وێنه‌: AFP

K24- هه‌ولێر:

له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری سه‌ردانیكردنی نانسی پیلۆسی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا، بۆ تایوان، چین هۆشداری دایه‌ واشنتن و رایگه‌یاند، "ئاكامی خراپی ده‌بێت".

چاو لیجیان، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین له‌ میانی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا له‌ رێگه‌ی (نانسی پیلۆسی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران) هه‌نگاو به‌ره‌و تایوان بنێت، به‌رپرسیارێتی ئاكامه‌ خراپه‌كانی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی واشنتنه‌وه‌.(په‌كیین تایوان وه‌ك به‌شێك له‌ وڵاته‌كه‌ی داده‌نێت).

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "دژی سه‌ردانه‌كه‌ی نانسی پیلۆسین بۆ تایوان".

پلانی سه‌ردانیكردنی نانسی پیلۆسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا بووه‌ته‌ هۆی نیگه‌رانی ئیداره‌ی بایدن، به‌وه‌ی ترسیان هه‌یه‌ پیلۆسی هێڵه‌ سووره‌كانی چین ببه‌زێنێت.

جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا پێشتریش هۆشداری دابووه‌ پیلۆسی، كه‌ سه‌ردانی تایوان نه‌كات.

سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا جه‌ختی له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و سه‌ردانه‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌، ته‌نیا رایگه‌یاندووه‌: "گرنگ ئه‌وه‌یه‌ پاڵپشتی واشنتن بۆ تایوان نیشانبده‌ین".

پیلۆسی ئه‌وه‌شی رەتكردبووه‌وه‌، گوایه‌ كۆنگرێس به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی تایوان جوڵه‌ی كردبێت.

تایوان له‌لایه‌ن هه‌ردوو پێكهاته‌ی سیاسی (كۆماری و دیموكراته‌كان) له‌ ئه‌مه‌ریكا پاڵپشتی لێده‌كرێت، كاتێك له‌سه‌ر زۆربه‌ی دۆسییه‌كان هه‌میشه‌ ناكۆكن.