گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە رۆژئاوای کوردستان دۆزرایەوە

K24 – هەولێر

لە شارۆچکەی منبجی رۆژئاوای کوردستان گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە کە 30 تەرمی تێدایە. لایەنی پەیوەندیدار پێیانوایە ئەو کەسانە لەو سەردەمەدا کوژاون کە منبج لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە کۆنترۆڵ کرابوو.

ئەنجوومەنی سەربازیی منبج رایگەیاند، لەو کاتەیدا کە کارمەندانی شارەوانی رێڕەوی زێرابی شارەکەیان خاوێن دەکردەوە، گۆڕە بەکۆمەڵەکەیان دۆزیوەتەوە.

تەرمی 30 هاووڵاتی ئاسایی بە دەستبەستراوەیی لە ناو گۆڕەکەدا بووە، لەوانە دوو ژن و دوو منداڵ.

بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسانی رێڤەبەری خۆسەر، لەو چەند ساڵەی دواییدا زیاتر لە ٢٠٠ گۆڕی بەکۆمەڵ لە شاری رەقە دۆزراونەتەوە. ئەو شارە بوو بە پایتەختی دەستەڵاتی داعش، هەر بۆیە بەشیکی زۆر لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان، لە رەقەن. تا ئێستا نزیکەی چوار هەزار و 700 تەرمی هاووڵاتی ئاسایی لە ناو ئەو گۆڕانەدا دۆزراونەتەوە.