داواكاری گشتی: 8 ساڵ زیندانی بۆ شه‌كیرا

تۆمه‌تباركراوه‌ و شه‌كیراش ره‌تی ده‌كاته‌وه‌

شه‌كیرا دادگایی ده‌كرێت
شه‌كیرا دادگایی ده‌كرێت

K24 - هه‌ولێر:

داواكاری گشتی له‌ به‌رشه‌لۆنه‌ی ئیسپانیا داوایكردووه‌، شه‌كیرا زیاتر له‌ 8 ساڵ زیندانی بكرێت به‌ تۆمه‌تی خۆدزینه‌وه‌ له‌ باج، ئه‌و داواكارییه‌ش دوای ئه‌وه‌ هات، كه‌ شه‌كیرا ره‌تی كرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ داواكاری گشتی ئه‌و وڵاته‌ رێككه‌وتنی پێشوه‌خته‌ واژوو بكات و ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كه‌ی سوور بێت تا دۆسیه‌كه‌ له‌ دادگا ته‌واو ده‌بێت.

به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی ئاژانسی فرانس پرێس، شه‌كیرا له‌لایه‌ن داواكاری گشتی ئیسپانیا به‌ خۆدزینه‌وه‌ی باج به‌ بڕی 14.5 ملیۆن یۆرۆ له‌ ساڵانی 2012 تا 2014 تۆمه‌تباركراوه‌. دادگاش به‌نیازه‌ دۆسیه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌ی كارا بكاته‌وه‌ و واده‌كه‌ی دیاری بكات.

شه‌كیرا جه‌ختی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، له‌ تۆمه‌تی خۆدزینه‌وه‌ی باجدا بێتاوانه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ره‌تی ده‌كاته‌وه‌ رێككه‌وتنێكی پێشوه‌خته‌ له‌گه‌ڵ داواكاری گشتی له‌ ئیسپانیا واژوو بكات، سووریشه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌كه‌ی له‌ دادگا به‌رده‌وام ده‌بێت‌ و دڵنیایه‌ دۆسیه‌كه‌ له‌ دادگا ده‌باته‌وه‌.

بریكاره‌ یاساییه‌كانی شه‌كیرا ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ رێككه‌وتنێك ئه‌نجام بدرێت و دۆسیه‌كه‌ش به‌كراوه‌یی بمێنێته‌وه‌ تا رۆژی دادگاییكردنه‌كه‌، له‌كاتێكدا به‌ فه‌رمی دادگاییكردنی شه‌كیرای ته‌مه‌ن 45 ساڵ هێشتا رانه‌گه‌یه‌نراوه‌.

پارێزه‌ره‌كانی شه‌كیرا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، ئه‌و شێوازه‌ی داواكاری گشتی به‌رامبه‌ر به‌ مافه‌كانی شه‌كیرا په‌یڕه‌ویان كردووه‌، به‌ ته‌واوه‌تی ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌، دواپاتیش كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وان له‌وه‌ دڵنیان له‌ رێگه‌ی دادگاوه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنرێت كه‌ شه‌كرا راست ده‌كات.

شه‌كیرا ئیزابیل مباراك ریپۆڵ، گۆرانیبێژ و ئه‌ستێره‌یه‌كی دیاری كۆڵۆمبیایه‌، له‌ بارنكوێلای كۆڵۆمبیا له‌ 2ی شوبات/ فێبرایه‌ری 1977 له‌دایك بووه‌ و گه‌وره‌ بووه‌، به‌ شاژنی مۆسیقای لاتینیش ناسراوه‌، كه‌ شێوازی جیاوازی مۆسیقای به‌كارهێناوه‌، یه‌كه‌م به‌رهه‌میشی له‌ ته‌مه‌نی 13 ساڵی له‌لایه‌ن "سۆنی میوزیك كۆڵۆمبیا" تۆماركراوه‌.