رووفاتی 100 ئه‌نفالكراوی بارزانییه‌كان گه‌ڕێندرانه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان

"لە بارزان بە خاکدەسپێردرێن"
رووفاتی 100 ئه‌نفالكراوی بارزانییه‌كان گه‌ڕێندرانه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان
رووفاتی 100 ئه‌نفالكراوی بارزانییه‌كان گه‌ڕێندرانه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

په‌یامنێری كوردستان24 له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر رایگه‌یاند، به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك بارزانی، رووفاتی 100 ئه‌نفالكراوی بارزانییه‌كان گه‌ڕێندرانه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان.

له‌ مه‌راسیمه‌كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، رێواس فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، جێنین هێنس پلاسخارت، نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی دیكه‌ ئاماده‌بوون، بڕیاریشه‌ سبه‌ی روفاتی هه‌ر 100 ئەنفالکراوی بارزانییەکان لە بارزان بە خاکبسپێردرێن.

بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی بارزان بڵاویکردووەتەوە، گۆڕی بەکۆمەڵی 100 لە ئەنفالکراوە بارزانییەکان لە بیابانی عەرعەر-ی سەر بە پارێزگای موسەنا دۆزراوەنەتەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە پرۆسەکە 14 رۆژی خایاندووە، روفاتەکانیش بەشێوەیەکی زانستی گواستراونەتەوە بەغدا بۆ ئەوەی رێکارە پزیشکی و یاساییەکان تەواوبکرێن، لە بەدواداچوونەکانیش دەرکەوتووە گۆڕی 100 ئەنفالکراوی بارزانییەکانە، و لەلایەن رژێمی بەعس گولـلەباران کراون و بە شۆفڵ خۆڵ بەسەر تەرمەکانیاندا کراون.

دۆزینەوەی رووفاتی ئەو 100 ئەنفالکراوانە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی ساڵی 2021،  پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی دۆزینەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە بیابانەکانی باشووری عێراق، دەزگا تایبەتمەندەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی عێراق، لە 15ی شوباتی 2022 گەیشتنە شوێنی گۆڕە بە کۆمەڵەکە لە پارێزگای موسەنا لە ناوچەی (عەفاییق) شارەدێی (بوسەیە) کە ناوچەیەکی بیابانی دورە دەستە لە نزیک سنوورەکانی کوێت و سعوودیە.

بەڕیوەبەرایەتییەکە دەڵێت، لە یەکەمین رۆژدا ئەو جەمەدانی و جلوبەرگانە دەرکەوتن، کە ئاماژەن و تایبەتن بە پیاوانی بارزانییەکان، ئەوەش بەڵگە و نیشانەی حاشاهەڵنەگری دایە دەست تیمەکە و سەلمێنرا، ئەو روفاتانەی لەو گۆڕە بە کۆمەڵەدان روفاتی ئەو پیاو و گەنجانەی بارزانن کە لە ساڵی 1983 ئەنفالکراون.

جینۆسایدی بارزانییەکان لەلایەن رژێمی بەعس، لە 31ی تەممووزی 1983 بە چەند قۆناغێک دەستیپێکرد و زیاتر لە هەشت هەزار پیاو و گەنجی بارزانییەکان جینۆساید کران، رژێمی بەعس ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە دەربخات، دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، دەرکەوت بارزانییەکان بە فەرمانی سەدام حوسێن ئەنفالکراون و لە بیابانەکانی باشووری عێراق لە گۆڕی بە کۆمەڵدا نێژراون.

لە ساڵی 2004دا، 513 روفاتی ئەنفالکراوانی بارزانییەکان لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە بیابانەکانی پارێزگای موسەنا دۆزرانەوە و لە ساڵی 2005 لە رێوڕەسمێکدا بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی گەڕێندرانەوە کوردستان و، لە گۆڕستانی تایبەت بە ئەنفالکراوان لە دەڤەری بارزان بەخاکسپێردران.

لە درێژەی پرۆسەکەدا و بۆ جاری دووەم، لە ساڵی 2011 لە گۆڕێکی بە کۆمەڵی بیابانەکانی باشووری عێراق روفاتی 93 پیاو و گەنجی بارزانییە جینۆسایدکراوەکان دۆزرانەوە.

تاوانی ئەنفال لە ساڵی 1987-1988، لەلایەن رژێمی بەعسی عێراق، دژی گەلی کوردستان دەستیپێکرد، لەو کۆمەڵکوژییەدا 182 هەزار کەس بە ژن، منداڵ، گەنج و بە تەمەنەوە بێسەروشوێنکران، دواتر بەشێکیان لەناو گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا دۆزرانەوە، هەروەها نزیکەی 5 هەزار گوندی کوردستان خاپوورکران.