سبه‌ی بڕیاره‌كه ده‌چێته واری جێبه‌جێكردنه‌وه

K24 – هه‌ولێر:
له‌سه‌ر راسپاردە و فەرمانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمی كوردستان، بڕی نزیکەى چوار ملیار و نیو دینار، دەستده‌كرێت بە گەیاندنى خزمەتگوزارى بۆ زه‌وییه‌كانی کەرتى 8ـی حەسارۆک.
پارێزگای هه‌ولێر له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه به‌وه ده‌كات، وەک مژدەیەک بۆ خاوەن زەوییەکانى کەرتى 8ى حەسارۆک، سبه‌ی (یەکشەممە 31ـی ته‌مموز/ یۆلیۆی 2022) له‌سه‌ر راسپاردە و فەرمانى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەگوژمەى نزیکەى چوار ملیار و نیو دینار، لەسەر داهاتى فرۆشتنى 100%ى زەویى، دواى جێبەجێکردنى دواین قۆناغی دانانی سەرەبلۆکەکان لەم کەرتە، دەستدەکرێت بەکارەکانى پڕۆژەى بەشێک لە ئاو، ئاوەڕۆ و دروستکردنى شەقام بۆ زه‌وییه‌كانی کەرتى 8ى حەسارۆک بە گشت چیینەکانی.
له‌مباره‌یه‌وه‌ش عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، بەیاوەری جێگری سەرۆکی شارەوانی و بەرپرسی بەشی هونەری و بەڕێوەبەری ژینگەی پارێزی، لەگەڵ ژمارەیەک ئەندازیار، زەوییەکانی کەرتى 8ی حەسارۆکیان بەسەرکردەوە.
هاوکات سەرۆکی شارەوانی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتى شارەوانی4ى راسپارد، كه لەمەودوا ھاووڵاتیان دەتوانن رێگەپێدان بۆ دروستکردنی خانوو بەبێ هیچ کێشە و گرفتێک له زه‌وییه‌كانی هه‌شتی حه‌سارۆك وەربگرن.