ژنێك سێ مانگ دوای هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی ده‌بێته‌ شاهێدی ئه‌نفالی هاوسه‌رەكه‌ی

10 رۆژ دوای ئه‌نفالی هاوسه‌ره‌كه‌ی جارێكی دیكه‌ ده‌بێته‌وه‌ شاهێدی ئه‌نفالكردنی باوك و خه‌زوور و ئامۆزاكانی

جه‌میعا فه‌قۆ، هاوسه‌ری ئه‌نفالکراوێک
جه‌میعا فه‌قۆ، هاوسه‌ری ئه‌نفالکراوێک

K24 - هه‌ولێر:

كوردستان24 چیرۆكی ئافره‌تێكی بارزانی ده‌گێڕێته‌وه،‌ كه‌ دوای سێ مانگ له ‌هاوسه‌رگیری، هاوسه‌ره‌كه‌ی ئه‌نفالده‌كرێت و دوای 10 رۆژ جارێكی دیكه‌ ده‌بێته‌ شایه‌دحاڵی ئه‌نفالكردنی باوك و خه‌زوور و ئامۆزاكانی، دوای حه‌وت مانگ له‌ ئه‌نفالكردنی هاوسه‌ر و كه‌سوكاری، كوڕه ‌تاقانه‌كه‌ی له‌دایك ده‌بێت، ئه‌و كوڕه‌ ته‌مه‌نی بووەته‌ 39 ساڵ، به‌ڵام تا ئێستاش وشه‌ی باوكه‌ لای ئه‌و نامۆیه‌.

كه‌م ده‌دوێت لێ ناخی پڕله ‌ناسۆره‌، ده‌ستاڕی ژیان لە ناخەوە هاڕیوویه‌تی، دوای 3 مانگ له‌هاوسه‌رگیری بۆ سه‌ردانی خزمانیان ده‌چنه‌ قوشته‌په ‌و له‌وێ له‌ (31ی ته‌ممووزی 1983) هاوسه‌ره‌كه‌ی ئه‌نفالده‌كرێت، 10‌ رۆژ دواتریش جارێكی دیكه‌ له‌ هه‌ریر ده‌بێته ‌شایه‌د حاڵی ئه‌نفالكردنی خه‌زوری و باوكی و مام و ئامۆزاكانی.

جه‌میعا فه‌قۆ، هاوسه‌ری ئه‌نفالکراوێک گوتی: "3 مانگ بوو من هاوسەرگیریم کردبوو، لە گەڵ هاوسه‌ره‌کەم بۆ سەردان چووینە قوشتەپە بۆ ماڵی خوشکەکانم، سێ بۆ چوار رۆژێک دەبوو لەوێ مابووینەوە، شەوێک لە کاتژمێر سێی بەرەبەیان دەبوو، سەربازان گەمارۆی قوشتەپەیاندا، هاتنە ناو ماڵان و بە پیاوەکانیان گوت "ئەگەر ئێوە ئێستا تەسلیم نەبن؛ فڕۆکە بە خێزانەکانتانەوە بۆردوومانتان دەکات"، پیاوەکانیشمان گوتیان چۆن شەڕ بکەین، کە هیچمان لەدەستدا نییە، پێیانگوتن تەنیا ئازاری ماڵ و منداڵەکانمان مەدەن".

ئیحسان، كوڕه ‌تاقانه‌كه‌ی جه‌میعایه ‌و دوای حه‌وت مانگ له‌ ئه‌نفالكردنی باوكی، له‌دایك بووه‌، ته‌مه‌نی بووەته‌ (39) ساڵ و تا ئێستاش وشه‌ی باوكه‌ بۆ ئه‌و نامۆیه‌‌.

ئیحسان مه‌ردان، تاقانه‌یەکی دوای ئه‌نفال ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، "وشەی باوک بۆمن نامۆیە، من هیچ کات وشەی باوکمم بەکار نەهێناوە، حەوت مانگ دوای باوکم لەدایکبوومە، من و دایکم لە لای مامەکانم و داپیرەم داڵدەدراوین تا ئەوکاتەی گەورە بوومە، بەڵام ئێستاش من خۆم بە تاقانە نازانم، من هەمیشە لە زاخۆوە تاوه‌کو خانەقین هەر کوردێک مەرگەساتێکی بەسەر هاتبێت، بە هۆیەوە خێزانی لەدەست دابێت، کچ یان کوڕ، هەمیشە بە خۆشک و برای خۆمیان دەزانم".

ئه‌نفالی بارزانییه‌كان به‌ راگواستنیان له ‌شوێنی ره‌سه‌نی خۆیان و نیشته‌جیكردنیان له ‌ئۆردوگا زۆره‌ملێكانی (قوشته‌په‌، دیانا، هه‌ریر، به‌حركه ‌و گۆڕه‌توو) ده‌ستی پێكرد و دواتر کەوتنە وێرانکردنی گوندەکانیان، لە قۆناخێکی دیکەدا پیاوەکانیان بۆ پارێزگای موسه‌نا له ‌خوارووی عێراق راگوێزران و هه‌شت هەزاریان لێ ئەنفالکران، دوای پرۆسەی ئازادی عێراقیش ساڵی 2003، لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی بەردەوام درا بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و دواتر به‌ دوو قۆناخ 596 رووفاتیان گەڕێندرانەوە هەرێمی كوردستان و لە دەڤەری بارزان ئەسپەردەی خاکی نیشتمان کران.‌