هێزێکی زۆری ئەمنی و سەربازی لە بەغدا خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە
چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی لە ناوچەی سەوز و دەوروبەری هەن

K24 – بەغدا
بەهۆی خۆپیشاندانی سەدرییەکان و گرژی نێوان لایەنەکان هێزێکی زۆری ئەمنی و سەربازی لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی بەغدا خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، رایگەیاند: لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە، سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەکان، ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێلی سەربازییان لە ناوچەی سەوز و دەوروبەری بڵاوکردووەتەوە و ژمارەیەکی زۆری ئەندامی هێزە ئەمنییەکانیش خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە ماوەی سێ رۆژە لایەنگرانی رەوتی سەدر لە ناوچەی سەوز و ناو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق مانیان گرتووە. چوارچێوەی هەماهەنگیش داوای لە لایەنگرانی کردووە، ئەمرۆ ئێوارە خۆپیشاندان دژی رەوتی سەدر بکەن.
رۆژی شەممە 30/7/2022، لایەنگرانی سەدر لە بەغدا دژی کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی خۆپیشاندانیان دەستپێکرد و بەربەستەکانی ناوچەی سەوزیان بڕی و چوونە ناو ناوچەی سەوز و باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق.