سبهی پیلۆسی لهگهڵ سهرۆكی تایوان كۆدهبێتهوه
پیلۆسی بەبێ رەزامەندی کۆشکی سپی سەردانەکەی کردووە
K24 – ههولێر:
سەرەڕای هەڕەشە توندەکانی چین، دواجار فڕۆکە سهربازییهكهی نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمهریکا، لە مالیزیاوە گەیشتە تایوان و لە فڕۆکەخانەی سۆنگشان لە تایپێی، نیشتەوە، سبهی لهگهڵ سهرۆكی ئهم وڵاته كۆدهبێتهوه.
دەستبەجێ چین سیستمی بەرگری ئاسمانی، لە ئاسمانی تایوان چالاک کرد و سوپاکەی خستە حاڵەتی ئەوپەری ئامادەباشییەوە، فڕۆکە جەنگیەکانیشی رەوانەی ئاسمانی تایوان کرد و ههروهها هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی دەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری چین رایگەیاند، زنجیرە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی دیاریکراو ئەنجامدەدەن.
ههروهها راشیگهیاند، چین بەرگری لە سەروەری و یەکگرتووی خاکەکەی دەکات و دژی دەستێوەردانە دەرەکییەکان بۆ سەربەخۆیی تایوان دەوەستێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی چینیش رایگهیاند، ئەوەی ئەمهریکا دەیکات پشتگوێخستنی پرەنسیپی یەک چینە و یاریکردنە بە ئاگر، ئەوەی یاری بە ئاگر بکات دەیسووتێنێت، ئەگەر واشنتن لەسەر ئەم سیاسەتە هەڵەیە بەردەوام بێت، دەبێ بەرپرسیارێتی لێکەوتەکانیشی بگرێتە ئەستۆ.
نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمهریکا و چەند کۆنگرێسمانێکی دیاری ئەمهریکی لە راگەیهندراوێکدا جەختدەکەنەوە، "سەردانی شاندی کۆنگرێسی وڵاتەکەمان بۆ تایوان پشتیوانی و پابەندی بەردەوامی ئەمهریکایە بەرامبەر دیموکراسی تایوان و سەردانەکەش ئێستا لە هەمووکات گرنگترە".
بریارە پیلۆسی رۆژی چوارشەممە لەگەڵ سەرۆکی تایوان کۆببێتەوە و دواتر ئەو وڵاتە جێبهێڵیت.
پیلۆسی بەبێ رەزامەندی کۆشکی سپی سەردانەکەی کردووە.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانی ئەمهریکا پێی وایه پێڵۆسی مافی خۆیەتی سەردانی تایوان بكات.
بەو پێیەی تایوان بەشێکە لە خاکی چین، سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمهریکا بەلای دەسەڵاتدارانی چینەوە وەک پێشێلی سەروەری وڵاتەکەیان و پشتیوانی لە سەربەخۆیی تایوان لێکدەدرێتەوە.