G7: مانۆڕی چین له گەرووی تایوان دوژمنکارانەیه

K24 – هه‌ولێر:
وڵاتانی G7 رایده‌گه‌یه‌نن، مانۆڕی چین له گەرووی تایوان دوژمنکارانەیه و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
له میانی تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆیان وڵاتانی G7 رایده‌گه‌یه‌نن، وەڵامی توندی چین بۆ سەردانەکەی پیلۆسی، ناوچەکه ئاڵۆزتر دەکات.
كۆمه‌ڵه‌ی حه‌وتی پیشه‌سازی، پێشتر له 8 وڵات پێكهاتبوون، به‌هۆی داگیركردنی نیوه‌دوورگه‌ی كریمیا (قرم) له‌لایه‌ن رووسیاوه، له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌كه دوورخرایه‌وه.
دوێنێ نانسی پیلۆسی ته‌مه‌ن 82 ساڵ، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا له رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی (سۆنگشان) له تایبیه، به فڕۆكه‌یه‌كی جه‌نگی گه‌یشته تایوان، له رێگه‌ی جۆزێڤ وو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته، پێشوازی لێكرا.
ئاژانسی هه‌واڵی بلومبێرگ پێشتر رایگه‌یاندبوو، شانده‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستیان به گه‌شته‌كه‌یان بۆ كیشوه‌ری ئاسیا كرد، تایوانیش له ریزی ئه‌و وڵاتانه‌یه كه سه‌ردانی ده‌كه‌ن.
چی جین بینگ سه‌رۆكی كۆماری چینی میللی، له‌مباره‌یه‌وه له‌گه‌ڵ جۆ بایدن، هاوتا ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ی قسه‌ی كردووه و هۆشداری پێداوه "له باره‌ی تایوانه‌وه یاری به ئاگر مه‌كه".
وڵاتانی كۆمه‌ڵه‌ی حه‌وت، له فه‌ره‌نسا، به‌ریتانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، ئه‌مه‌ریكا، ئه‌ڵمانیا و كه‌نه‌دا پێكهاتوون، له‌ساڵی 1975 له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه نێوده‌وڵه‌تیانه‌وه دامه‌زرا.
G7، له‌باره‌ی پرسی ئابووری و پیشه‌سازی قسه و گفتوگۆ ده‌كه‌ن، دواجاریش له‌باره‌ی سیاسه‌ته‌وه لێدوان و كۆبوونه‌وه ئه‌نجامده‌ده‌ن.