هادی عامری پشتگیری لە موقتەدا سەدر کرد
عێراق بەرەو هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە
K24 – هەولێر
هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هاوڕایە لەگەڵ داواکەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، چواری ئاب) هادی عامری، دووەم کەسایەتی ناسراو و کاریگەری ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، پشتگیری خۆی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە راگەیاند و دووپاتیکردەوە کە ئەو پرسە پێویستی بە دیالۆگی فراوان هەیە.
ئەو، لە بەیاننامەکەیدا دەڵێ: بۆ دیاریکردنی کات، میکانیزم، پێداویستییەکان و دابینکردنی کەشێکی گونجاو بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و ئازاد لە پێناو گەڕانەوەی متمانەی هاووڵاتیان بە پرۆسەی سیاسی، پێویست بە دیالۆگی نیشتمانیی گشتگیر هەیە.
رۆژی سێی ئاب، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد.
سەدر لە گوتارەکەیدا گوتی: له رێگهی پرۆسهیهكی دیموكراتی ئاشتیخوازانهی شۆڕشگێڕانهوه داوای چاكسازی دهكهین، ئهمهش دوای ههڵوهشاندنهوهی ئهنجوومهنی نوێنهرانی ئێستا و بهڕێوهچوونی ههڵبژاردنی پێشوهخته.
رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2021 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، بەڵام لایەنە سیاسییەکان و بەتایبەت ناو ماڵی شیعە لەسەر پێکهێنانی حکومەت، رێکنەکەوتن. دواجار موقتەدا سەدر داوای لە 73 پەرلەمانتارەکەی کرد، دەست لەکار بکێشنەوە و رەوتی سەدریش بە تەواوی لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت کشایەوە.
دوای ئەوە پێکهێنانی حکومەت کەوتە سەر شانی چوارچێوەی هەماهەنگی، رکابەری رەوتی سەدر، بەڵام هەوڵەکانی ئەوانیش سەرکەوتوو نەبوون.