كەیسی ئەفسەرە بەشداربووەكانی كەركووك لە ریفراندۆم داخرا
"كەیسەكە بە قازانجی ئەفسەرەکان کۆتایی هات"
K24 - كەركووك:
دادگای سەربازی موسڵ، لە کۆتا دانیشتنی دادگاییكردنی ژمارەیەك ئەفسەری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركووك كە بەشدارییان لە پڕۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی 2017 كردبوو، بڕیاری داخستنی کەیسکەی دا.
لیوا كاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی كەركووك بە كوردستان24ی راگەیاند، ئەمڕۆ دوا دانیشتنی دادگاییكردنی 54 ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركووك بەڕێوەچوو، خۆشبەختانە هەر وەك پێشتر پێشبینیمان كردبوو، كەیسەكە بە قازانجی ئەفسەرەکان کۆتایی هات.
فەرماندەی پۆلیسی كەركووك ئەوەی خستەڕوو، پێشتر وەزیری ناوخۆی عێراق لەسەر ئەو بابەتە لێبوردنی گشتی دەركردبوو، بۆیە دانیشتنی دادگاییكردنی ئەو ئەفسەرانەش، ئەمڕۆ لەژێر رۆشنایی ئەو بڕیارەدا كۆتایی هات و بە یەكجاری كەیسەكە داخرا.
لیوا كاوە غەریب گوتیشی: "ئەو ئەفسەرانە بە سەربەرزی خەریكی دەوامی خۆیان دەبن و بەو بۆنەیەشەوە لە رێگەی كوردستان24ـەوە پیرۆزبایی خۆشی لە ئەفسەرەكان و كەسوكارییان و گەلی كوردستان كرد".