ماستهرپلانی ههولێر له قۆناغی ههمواركردنهوهیه
جووتیارێك: 11 جار لەلایەن فەرمانگەکانی حکومەتەوە کەشفی زەویەکەم کراوە و نزیکەی 10 ملیۆن دینارم خەرجکردووە

K24 - ههولێر:
ھەرچەندە ماستەرپلانی ھەولێر لە قۆناغی ھەموارکردنەوەیە و دوو ساڵ زیاتری پێ دەچێت تا تەواو دەکرێت، بەڵام گرفتی بۆ بەشێک لە جووتیاران و خاوەن پڕۆژەکان دروستکردووە.
جووتیارێک، کە رێگەی پێنادەن پڕۆژەکەی دروستبکات، بۆ کوردستان24 قسەی کردووە و دەڵێت: ماوەی یەک ساڵ خەریکی وەرگرتنی رێگەپێدانی پڕۆژەیەکم، کاتێک ھەموو رێکارەکانم تەواو کرد، پێم دەڵێن نابێت دروستی بکەی، چونکە کەوتووهتە ناو ماستەرپلانی ھەولێر.
گوندی گۆپاڵ لە سنووری پارێزگای ھەولێر، بەشێک لە زەوییەکانی بەر ماستەرپلانی ھەولێر دەکەوێت، سەعید ھاووڵاتیەکی گوندەکەیە و دەیەوێت لەسەر زەوییەکەی پرۆژەیەک دروستبکات، 11 جار لەلایەن فەرمانگەکانی حکومەتەوە کەشفی زەویەکەی کراوە، وەک خۆی باسی دەکات، زیاتر لە ساڵێکە سەرقاڵی رێگەپێدانی دروستکردنی پڕۆژەکەیەتی، کە تا ئێستا نزیکەی 10 ملیۆن دیناری خەرجکردووە.
سەعید جەمیل-ی جووتیار گوتی: ھەموو فەرمانگەکانم کردووە، کشتوکاڵ، وەزارەتی شارەوانی، بەڕێوبەرایهتی ئاو و چەندانی دیكه، ھیچ کێشەیەکیان نەبوو، ھەموو رێگەیان پێداوم ئەو داواکارییهی ھەیانبووە لە دروستکردنی نەخشە و شوێنی گونجاو، جێبەجێم کردوون، بەڵام تازە پێمدەڵێن نابێت دروستی بکەی.
جووتیارهكه دەیەوێت لهسهر زهویهكهی حەوزی ماسی دروستبکات، لە دوای ساڵێک لە ھاتوچۆکردنی فەرمانگەکانی پەیوەندار و تەواوکردنی سەرجەم رێکارە یاساییەکان، پێی گوتراوه پڕۆژەکەت دەکەوێتە ناو ماستەرپلانی ھەولێر و رێگەی پێنادەن دروستی بکات.
ماستەرپلانی ھەولێر ھەموار دەکرێتەوە و ماوەی 2 و ساڵ و نیوی پێویستە، بەڵام گرفتی بۆ جووتیاران دروستکردووە، بە جۆرێک تا ھەموارەکە تەواو نەبێت؛ ناتوانن کار لەسەر زەویەکانیان بکەن، جێگری پارێزگاری ھەولێر ئاشکرایكرد، ماستەرپلان بۆ ئەوەیە بزانین لە داھاتوودا چۆن مامەڵە لەگەڵ فراوانبوونی شار دەکەین، ئەو جووتیارانەشی زەویەکانیان بەر ماستەرپلان دەکەوێت، دەبێت پڕۆژەیەک دروستبکەن لەگەڵ شێوازەکانی ماستەرپلان بگونجێت.
مەسعود کارەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتی: ئێمە نەخشە رێگایەک دیاریدەکەین، بۆ ئەوەی لە داھاتوو تووشی کێشە نەبین لەگەڵ ئەو پڕۆژانەی لەسەر ماستەرپلان دروست دەکرێن، بۆیە دەبێت دڵنیا بینەوە لەوەی ئەو زەویانە بۆچی بەکاربھێنرێت، ئەمەش لە دوای ھەموارکردن دەردەکەوێت.
وەزارتی شارەوانی لەگەڵ کۆمپانیای چایکای ژاپۆنی سەرقاڵی ھەموارکردنەوەی ماستەرپلانی ھەولێرن، کە لە ماوەی 30 مانگدا تەواو دەکرێت، وەک ھەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژینگە و زیادەرۆیکردنە سەر موڵکی گشتی و چارەسەری کێشەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لەگەڵ ئەو فراوانبوونەش بگونجێت، کە لە ھەولێر ھەیە.