سەربازێکی تورکیا لە ناوچە سنوورییەکان کوژرا
وەزارەتی بەرگری تورکیا: بەهۆی دەستڕێژی گولـلەی چەکدارانی پەکەکە کوژراوە

K24 - هەولێر
وەزارەتی بەرگری تورکیا کوژرانی سەربازێکیان لە شەڕی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان راگەیاند.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاشکرای کرد: سەربازێکی پیادە بەناوی رەشاد ئەرگین لە ناوچهی ئۆپهراسیۆنی چنگ-قفڵ، لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلەی چەکدارانی پەکەکە کوژراوە".
هەرچەندە وەزارەتی بەرگری تورکیا ناوی ئەو ناوچەی ئاشکرا نەکردووە کە سەربازەکەیان لێ کوژراوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، دوێنێ لە چەند سنووری چەند گوندێکی قەزای ئامێدی شەڕە تەقە لەنێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە هەبووە.
وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاماژەی بەوەکردووە، لەکاتی دەستڕێژی گولـلەی چەکدارانی پەکەکە، سەربازەکەیان برینداربووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
لە 18/4/2022، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی لە رێگەی وشکانی و ئاسمانیەوە بەناوی "چنگ-قفڵ" بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە ناوچەکانی زاپ، مەتین و ئاڤاشین دەستپێکرد.